بەغدا- INA

وەزارەتی پلان دانان، ئەمڕۆ سێشەممە، دزەپێکردنی زانیارییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ڕەتکردەوە.

گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی پلان دانان، عەبدولزەهرە هینداوی، لە راگه‌یندراوێكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوه‌ تێیدا ڕایگەیاند: "وەزارەت بە شێوەیەکی بڕاوە، تەواوی ئەو زانیارییانەی ڕەتکردەوە کە لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیارییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و خستنەڕوویان بۆ فرۆشتن لەوەی کە بە سەکۆی (دارک وێب) ناسراوە."

وەزارەت بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌ جەختی کردەوە کە "هەموو ئەو قسانەی سەبارەت بە هەبوونی پڕۆسەیەکی دزەپێکردنی گومانلێکراو دەکرێن، دوورن لە ڕاستییەوە"، هەروەها جەختیشی کردەوە لەسەر "نەبوونی هیچ زانیارییەکی دزەپێکراو، هاککراو یان دزراو کە پەیوەندی بە سەرژمێرییەکەوە هەبێت."

ڕوونیشیکردەوە کە "زانیارییەکانی سەرژمێری خاوەن پاراستنێکی سایبەریی ئاستبەرزن، بەو پێیەی لە چوارچێوەی تۆڕێکی ناوخۆیی داخراودا بەڕێوەدەبرێن کە بە ئینتەرنێتەوە بەستراو نییە، ئەمەش وا دەکات هاککردنیان مەحاڵ بێت."

هەروەها وتیشی: "سەرجەم ئەو ئامێرە تابلێتانەی لە جێبەجێکردنی سەرژمێرییەکەدا بەکارهێنراون، ڕووبەڕووی ڕێکاری تەکنیکی ورد بوونەتەوە، لەوانە دەرهێنانی یەکەکانی یادگە و فۆرماتکردنەوەیان بۆ چەندین جار لەلایەن کادری پسپۆڕەوە و گەڕاندنەوەیان بۆ دۆخی کارگەیی، جەختیشی کردەوە کە گەڕاندنەوەی هەر زانیارییەک لێیان مەحاڵە."

وەزارەت دڵنیایی دایە هاووڵاتیانی عێراقی کە "زانیارییەکانیان بە تەواوی پارێزراوە و بۆ هیچ مامەڵەکردن یان هاککردنێک بەردەست نییە"، دووپاتیشی کردەوە کە "ئەوانەی باس دەکرێن تەنها زانیاری چەواشەکارانەن و هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە."