نێودەوڵەتی – INA
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، ئەمڕۆ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە، پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەریی ئێرانە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی تەسنیم بۆ هەواڵ بڵاوی کردەوە؛ باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە سەبارەت بە تحەرەکەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە: "سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە بە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و یەکپارچەیی خاکەکەی دادەنرێت."
ئیرەوانی ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم ڕێکارە پێشێلکردنێکی ڕوونی قەدەغەکردنی هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێزە کە لە بڕگەی ٤ی ماددەی ٢ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک نموونەیەکی دیاری کردەوەی دوژمنکارانە پۆلێن دەکرێت"، ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەم هەنگاوە نایاساییە پێشێلکارییەکی مەترسیداری پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکانە."
لە درێژەی نامەکەدا هاتووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە جوڵەی کەشتیوانی لە بەندەرەکانی ئێرانەوە و بۆ ناو بەندەرەکان، بە شێوەیەکی نایاسایی دەستوەردان لە پەیڕەوکردنی مافە سەروەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، و دەستدرێژی دەکاتە سەر مافی وڵاتانی سێیەم و بازرگانیی دەریایی ڕەوا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان"، جەختیشی کردەوە کە "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی و بە توندترین شێوە ئەم ڕێکارە نایاساییەی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە و ئیدانەی دەکات."
ڕوونیشی کردەوە کە "کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، مافی سروشتیی خۆی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی پێویست و گونجاو بە مەبەستی پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاک و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی"، باسی لەوەش کرد کە "ئەمریکا بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم کارە نێودەوڵەتییە ناڕەوایە و هەموو لێکەوتەکانی لەئەستۆ دەگرێت، لەوانەش کاریگەرییەکانی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی."
ئیرەوانی وتیشی: "لەبەر ئەوەی ئەم ڕێکارە نایاساییە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، و بە ڕوونی مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەیەکدا زیاد دەکات کە خۆی بەدەست ناسەقامگیرییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران داوا لە ئەمینداری گشتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەکات بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکەن؛ ئەویش لە ڕێگەی ئیدانەکردنی ڕاشکاوانەی ئەم هەنگاوە نایاساییە، و گرتنەبەری ڕێکاری دەستبەجێ و کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر تێکچوونی بارودۆخەکە کە ڕەنگە ببێتە هۆی لێکەوتەی کارەساتبار بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، و ناچارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ڕاگرتنی دەستبەجێی کارە نێودەوڵەتییە سەرپێچیکارەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران."
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی تەسنیم

