میسان – INA

پارێزگای میسان ڕایگەیاند، کۆمەڵێک ڕێکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی پیسبوونی ئاو گرتووەتەبەر.

پارێزگای میسان لە راگه‌یندراوێكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوه‌ تێیدا، هاتووە: "لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی شانەی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی پیسبوون کە لە پارێزگای میسان بە سەرۆکایەتی جێگری پارێزگار و ئەندامێتی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی (تەندروستی، ئاو، ژینگە، سەرچاوە ئاوییەکان) پێکهێنراوە، و بەهۆی دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینی نمونەکانی ئاو کە لە ناوچە جیاجیاکانی قەزای (عەلی غەربی) وەرگیرابوون، دەرکەوت کە ئەنجامەکان لە چوارچێوەی سنوورە ڕێپێدراوەکاندان، کە لە تاقیگەکانی ژینگە، ئاوی میسان، تەندروستی و تاقیگە ناوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو لە بەغدا ئەنجامدراون."

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە: "شانەی تەنگژەکە بڕیاریدا بە کارپێکردنەوەی پڕۆژە و وێستگەکانی ئاو لە قەزای عەلی غەربی و ئەنجامدانی پرۆسەی پاڵاوتن و پاکژکردنەوە و بەردانەوەی ئاوەکە بۆ ناو تۆڕەکانی ئاوی قەزاکە (تەنها بۆ مەبەستی شتن و بەکارهێنانی ناوماڵ، نەک بۆ خواردنەوە)، ئەمەش لەگەڵ بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی ئاوەکە و وەرگرتنی نمونە بۆ پشکنین تا ئەو کاتەی بە تەواوی دڵنیایی دەدرێت لە جێگیربوونی پێوەرەکانی ئاو و سەلامەتییەکەی بە شێوەیەکی کۆتایی، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر بەدواداچوونی بەردەوامی کادرەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی میسان لە قەزاکە بۆ پرۆسەی تێکردنی ماددەکانی پاڵاوتن و پاکژکردنەوە بۆ وێستگەکانی ئاو."