بەغداد - INA

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ڕێنمایی پارێزگارەکانی کرد بەدواداچوون بۆ نرخەکان لە بازاڕەکاندا بکەن و ڕێگری لە کارە قۆرغکارییەکان بکەن، هاوکات ئاماژەی بە پێویستی ڕەخساندنی کەشی گونجاو بۆ قوتابیان لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن کرد لەگەڵ نێزیکبوونەوەی وادەی تاقیکردنەوە کۆتاییەکان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکانی کرد"، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەندین دۆسیەی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان لە پارێزگاکان کرا، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ بڕیار و ڕاسپاردەکانی پێشوو، جگە لە تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بوون و بڕیاردان لەسەریان".

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران لە وتەیەکدا جەختی لە "گرنگی کارکردن بە گیانی یەک تیم کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدایانەی ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە، هەروەها پێویستی خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکانی هاووڵاتیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان"، ڕێنماییشی دا بە "پارێزگارەکان بۆ بەدواداچوونی نرخەکان لە بازاڕەکاندا و دەستەبەرکردنی سەقامگیری نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان و ڕێگریکردن لە قۆرغکاری، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە هەنووکەییەی بەهۆی شەڕەکانی ناوچەکەوە دروست بووە".

هەروەها ڕێنمایی دا بە "پارێزگارەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ناونانی شەقامی (شێرەکانی ڕافیدەین) لە سەرجەم پارێزگاکان، وەک ڕێزێک بۆ دەستکەوتی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە سەرکەوتنیان بۆ کۆتاییەکانی مۆندیال"، هەروەها ڕێنمایی دا بە "دابینکردنی کەشی گونجاو بۆ قوتابیانمان لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لەگەڵ نێزیکبوونەوەی وادەی تاقیکردنەوە کۆتاییەکان، و کارکردن بۆ لادانی ئاستەنگەکان و جێبەجێکردنی پێوەرە ئەکادیمییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ڕەسەنایەتی پرۆسەی پەروەردە".

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا پارێزگاکان بەردەوام بن لە گۆڕینی گرێبەستەکان بۆ سەر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٦".

لە چوارچێوەی بەهێزکردنی بەکارهێنانی وزەی پاک، ڕەزامەندی درا لەسەر ئەوەی پارێزگاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ژینگە ئامانجەکانی دەسپێشخەری نیشتمانی بۆ پاڵپشتی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان بگرنە ئەستۆ، لەوانە:

یەکەم/ دانانی سیستەمی وزەی خۆر بۆ (٨٥٠) باڵەخانەی حکومی بە شێوەیەکی بەشەکی و بەپێی ئەو ڕووبەرانەی لەبەردەستن؛ (٥٥٠) باڵەخانەیان بە تێچووی حکومی و (٣٠٠) باڵەخانەشیان بە تێچووی نێودەوڵەتی دەبێت، بۆ ماوەی (٦) ساڵ لە ڕێککەوتی پەسەندکردنی سیاسەتەکەوە.

دووەم/ دارستانکردنی بەردەوام لە سەرتاسەری عێراق لە ڕێگەی دامەزراندنی نزیکەی (١٠١) پڕۆژە (دارستانی نەمام و پشتێنەی سەوز).

سێیەم/ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دەسپێشخەری نیشتمانی بۆ پاڵپشتی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ژینگە، هەروەها پڕۆژەکانی دارستانکردنی بەردەوام کە لە پارەی "سوودە کۆمەڵایەتییەکان"ی خولەکانی مۆڵەتی نەوت دابین دەکرێن، لەژێر سەرپەرشتی هەردوو وەزارەتی ژینگە و نەوتدا.

ئاماژە بەوەش کرا، "بە مەبەستی چارەسەرکردنی زێدەڕۆییەکان، ڕەزامەندی درا لەسەر ئەوەی یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگاکان بەرپرسیارێتی لادانی ئەو دروستکراوانە بگرنە ئەستۆ کە بە زێدەڕۆیی لە سنووری جوگرافیای ئەواندا دوای جێبەجێکردنی ڕێگاکان یان دیاریکردنی حەرەمەکانیان دروست کراون، تێچووەکەشی لەسەر ئەرکی کەسی سەرپێچیکار دەبێت لە ماوەی (٩٠) ڕۆژدا لە ڕێککەوتی ئاگادارکردنەوەی لە زێدەڕۆییەکە؛ پێویستە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکان/ فەرمانگەی ڕێگاوبان و پردەکان، بەدواداچوون بۆ لادانی زێدەڕۆییەکان بکات و ڕاپۆرتێکی خولی ڕەوانەی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان بکات."

سەبارەت بە بەدواداچوونی دۆسیەی پڕۆژەکانی پارێزگای بابل، نووسینگەی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکە ڕەزامەندی دا لەسەر ئەوەی پارێزگا بەدواداچوون بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی گەراجی فرە نهۆمی لەگەڵ فرۆشگای بازرگانی بکات دوای وەرگرتنی لەلایەن وەبەرهێنەرەوە و تەواوکردنی ڕێکارە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی، هەروەها ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەکانی باڵەخانەی بازرگانی سێ نهۆمی و نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی هۆتێلێکی گەشتیاری و بازاڕێکی مۆدێرن لە سنووری شارەوانی حەمزەی غەربی درا، جیا لەوەش داوا لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کرا پەلە بکات لە پەسەندکردنی نەخشەکانی پڕۆژەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئاسۆیی (ئاشوور ٢)."

هەروەها رایگەیاند: "کۆبوونەوەکە ڕاسپاردەکانی ئەو لێژنەیەی پەسەند کرد کە بە فەرمانی کارگێڕی (٤٥٩) لەلایەن دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکانەوە پێکهێنرابوو، بەوەی شارەوانی چەقی شاری حللە هەموو ڕێکارەکان بۆ پڕۆژەی بازاڕەکان و کۆمەڵگەی بازرگانی یووسف بگرێتەبەر، هەروەها تەواوکردنی پەسەندکردنی نەخشەی پڕۆژەی باڵەخانەیەکی بازرگانی سێ نهۆمی و بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی پڕۆژەی کۆمەڵگەی بازرگانی دوو نهۆمی، و گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بۆ بەستنی گرێبەستی پڕۆژەی باڵەخانەیەکی بازرگانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ئەبی غەرق، لەگەڵ تەواوکردنی ڕێکارەکانی ئامادەکردنی ئەو ڕووبەرەی بۆ پڕۆژەی نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی بابل بۆ وەبەرهێنان تەرخان کراوە."

لە کۆتاییدا باس لەوە کرا کە "ڕەزامەندی درا لەسەر ئەوەی پارێزگاکان فەرمانبەرانی ناوخۆیی خاوەن لێهاتوویی و ئەزموون ڕابسپێرن بۆ کارکردن لە فەرمانگەی ئەندازیاری نیشتەجێ بۆ ئەو پڕۆژە وەبەرهێنانانەی لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە جێبەجێ دەکرێن."