بەدواداچوون- INA
سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێرانی محەمەد باقر قالیباف، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سێ خاڵی سەرەکی لە پێشنیازە دە خاڵییەکەی پێشێل کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد: کە ئاگربەست لە لوبنان یەکێکە لەو خاڵانە.
قالیباف لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "سێ خاڵی سەرەکی لە پێشنیازە دە خاڵییەکە پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان پێشێل کراون"، ڕوونیشیکردەوە: "ئەو بێ متمانەییە مێژووییە قووڵەی بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەمانە، سەرچاوەکەی بۆ پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ هەموو جۆرە پابەندییەکان، ئەمەش شێوازێکە کە بەداخەوە جارێکی تریش دووبارە بووەوە."
هەروەها وتی، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ڕوونی لە پۆستەکەیدا لەسەر سەکۆی (Truth) ڕایگەیاندووە کە پێشنیازە دە خاڵییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران "بنەمایەکی گونجاوە بۆ دانوستان" و چوارچێوەی سەرەکی ئەم وتووێژانەیە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ٣ خاڵ لەو پێشنیازە پێشێل کراون:
١- پابەند نەبوون بە خاڵی یەکەمی پێشنیازە دە خاڵییەکە سەبارەت بە ئاگربەست لە لوبنان کە پابەندییەکە بە ڕوونی لەلایەن شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی پێکراوە و وەک "ئاگربەستی دەستبەجێ لە هەموو شوێنێک، بە لوبنان و ناوچەکانی تریشەوە، کە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە" ڕایگەیاندووە.
٢- هاتنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەستدرێژیکار بۆ ناو ئاسمانی ئێران، کە لە شاری "لار" لە پارێزگای فارس تێکشکێنرا، ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقە بۆ ئەو خاڵەی کە قەدەغەی هەر پێشێلکارییەکی زیاتری کایەی ئاسمانی ئێران دەکات.
٣- ئینکاریکردنی مافی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم، کە مافێکە لە خاڵی شەشەمی چوارچێوەی کارەکەدا جێگیر کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەمان ئەو (بنەما گونجاوە بۆ دانوستان)ە بە ئاشکرا و ڕوونی پێشێلکراوە، تەنانەت پێش ئەوەی دانوستانەکان دەست پێ بکەن"، وتیشی: "ئاگربەستی دوولایەنە یان دانوستان لە ژێر ئەم بارودۆخەدا، کارێکی نالۆژیکییە."

