بەغداد - INA
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختی لە پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی سەرنجڕاكێش بۆ وەبەرهێنان.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، لە بارەگای وەزارەت پێشوازی لە باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق ئانتی پۆتکۆنین کرد".
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەردوولا باسیان لە ڕێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگی لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکاندا کرد، جگە لە تاوتوێکردنی گرنگترین پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. هەروەها باسیان لە پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە کرد لەژێر ڕۆشنایی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و هەردوولا جەختیان لە گرنگی پاڵپشتیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری کردەوە".
بەیاننامەکە دەڵێت: "لە پرسی ئابووریدا، باس لە دەرفەتەکانی فراوانکردنی چالاکیی کۆمپانیا فینلەندییەکان لە بازاڕی عێراقدا کرا، بەتایبەت لە بوارەکانی پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیا و ژێرخاندا".
بەپێی بەیاننامەکە، وەزیر جەختی لە پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ "بەهێزکردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی سەرنجڕاكێش بۆ وەبەرهێنان، لە لایەن خۆشیەوە باڵیۆزی فینلەندا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی هەوڵەکانی هێورکردنەوە و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ عێراق دەکات".
هەروەها بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی دیمەنی سیاسی عێراق کرا، بەتایبەت دۆسیەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، و وەزیر جەختی لە گرنگی هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێک کردەوە کە توانای بەدیهێنانی داخوازییەکانی هاووڵاتیانی هەبێت، و چاکسازییە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بکات و سەقامگیری سیاسی بەهێز بکات، بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر ژینگەی وەبەرهێنان و هەماهەنگی نێودەوڵەتی".
