بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكانی جیاكردنەوەی 98% دەنگەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، پارتی چەپی سەوز دەبێتە خاوەنی 62 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی نوێی توركیادا.
ئامارەكان كە لە لایەن ئاژانسی ئانادوڵۆی توركیاوە بڵاوكراونەوە، پارتی ئاكپارتی دەسەڵاتدار زۆرترین كورسی بردووەتەوە و ژمارەیان 266 كورسییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پارتە 19 كورسی كەمكردووە بەراورد بەهەڵبژاردنی پێشوو كە 285 كورسی بەدەستهێنابوو.
جەهەپە، بەپلەی دووەم هاتووە و 168 كورسی بردووەتەوە، ئەمەش 35 كورسی زیاترە لەهەڵبژاردنەكەی پیشوو.
پارتی چەپی سەوز (YSP) كەشوێنی هەدەپەی گرتووەتەوە، پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە و 62 كورسی بردووەتەوە، واتە 6 كورسی زیاتر لەخولی پێشوو. ئەم پارتە كەلایەنگرانی بەپلەی یەكەم كوردن، زۆربەی دەنگەكانی بەدەستهێناون لەشار وشارۆچكە زۆرینە كوردەكان بووە لەگەڵ شاری ئستەنبوڵ.
مەهەپە لەپلەی چوارەمدایە و 51 كورسی بەدەستهێناوە، واتە 3 كورسی زیاتر لەهەڵبژاردنەكەی پێشوو.
ئیی پارتی، 44 كورسی بەدەستهێناوە كەدەكاتە 8 كورسی زیاتر لەهەڵبژاردنەكەی ساڵی 2018 . پارتی ڕەفای نوێ، كەلەمانگی یازدەی ساڵی 2018 وە دامەزراوە، 5 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
پارتی كرێكارانی توركیا (T?P) ، 4 كورسی بەدەستهێناوە، واتە ژمارەی كورسییەكانی وەكو هەڵبژاردنی پێشوو ماوەتەوە. پەرلەمانی توركیا 600 كورسی پێكهاتووە وهەر خولێكی پەرلەمان 5 ساڵە.