بەغدا - INA - ئەحمەد فەڕاچی
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕاگەیاند کە خستنەڕووی خزمەتگوزاریی پەیوەندیکردنی بێبەرامبەر بە ژمارەی فریاکەوتن (٩١١) بۆ سەردانیکەرانی دەرەوەی عێراق، بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان و بیانییەکان؛ هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە وەرگێڕانی خێرای شەش زمانی بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ سەردانیکەرانی دەرەوە دابین کراوە.
عەمید ڕائد عەبدولکەریم،بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەڵامدانەوە و کۆنترۆڵی ناوەندی (٩١١)، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ بۆ یەکەمجار خزمەتگوزاریی پەیوەندیکردنی بێبەرامبەر بە ژمارەی فریاکەوتن (٩١١) لە ڕێگەی ڕۆمینگ (گهڕۆكه)ـەوە بۆ سەردانیکەرانی دەرەوەی عێراق پێشکەش دەکات، بە مەبەستی وەڵامدانەوەی حاڵەتە لەناکاوەکان یەکسەر دوای هاتنە ناوەوەیان بۆ خاکی عێراق، چ سەردانیکەر بن، چ بازرگان، دیپلۆماسی یان گەشتیار، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان و بیانییەکان".
ناوبراو ئهوهیش وت "هەماهەنگییەکی بەرز هەیە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، وەزارەتی پەیوەندییەکان و کۆمپانیاکانی مۆبایل لە لایەنی هونەرییەوە، سەرەڕای هەماهەنگیی نێوان پێکهاتەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان لە لایەنی جێبەجێکردنەوە".
ڕوونیشی کردەوە: "بەڕێوەبەرایەتیی وەڵامدانەوە و کۆنترۆڵی ناوەندی (٩١١) خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی خێرا بە شەش زمانی ناوچهكه و جیهانی دابین دەکات بۆ ئاسانکاریکردن لە پەیوەندیکردن، بەتایبەت لە کاتی سەردانە ملیۆنییەکان و بۆنە ئایینییەکاندا، بە جۆرێک کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە هاووڵاتیان و بیانییەکان بەهێزتر بکات، بەو پێیەی ژمارەی فریاکەوتن (٩١١) هێڵی بەیەککەوتنی نێوان هاووڵاتیان و دەزگا ئەمنییەکان و مفاسڵەکانی وەزارەتی ناوخۆیە.»
ئاماژەی بەوەش دا: "بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕۆژانە هەزاران سکاڵا و ئاگادارکردنەوە پێشوازی لێدەکات، کە سکاڵا ئەمنییەکان لەخۆدەگرن وەک ئاگرکەوتنەوە، النجدة، ڕزگارکردن، هاتوچۆ، نیشتەجێبوون، ماددە هۆشبەرەکان و هەڕەشە ، لەگەڵ سکاڵا خزمەتگوزارییەکان وەک فریاکەوتن، کارەبا، شارەوانییەکان، ژینگە، مافەکانی مرۆڤ و گومرگ، سەرەڕای سکاڵا مرۆییەکان لەوانەش بەخشین بە خوێن، گواستنەوەی نەخۆش، بەزەییهاتنەوە بە ئاژەڵدا، ڕێنماییکردنی ونبووان و یارمەتیدان لە ئۆتۆمبێلە پەککەوتووەکاندا".
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: "سیستمی (٩١١) بەستراوەتەوە بە زیاتر لە ٦١ فەرماندەیی، بەڕێوەبەرایەتی و پێکهاتەی ئەمنییەوە، جیا لە ژمارەیەک لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش ڕێگە بە هاووڵاتیان و بیانییەکان دەدات کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕۆژێکدا و لە هەموو ڕۆژەکانی هەفتەدا بە بێبەرامبەر پەیوەندی بە ژمارەی فریاکەوتنەوە بکەن".