🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

عێراق: "6ھەزار پۆلیسمان لەسەر سنوور لەگەڵ ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە"

سپێده‌ 2023/01/15 00:00

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌


وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شممەری رایگەیاند کە سنووری عێراق ھێڵی سوورە و بۆ توندوتۆڵترکردنی ھیچ کەمتەرخەمییەکی لێ ناکەن و ئاماژەی بەوەیشدا کە شەش ھەزار پۆلیسیان لە بنکەکانی سەر سنوور لەگەڵ تورکیا و ئێران لە ھەرێمی کوردستان جێگیرکردووە.


عەبدولئەمیر شممەری لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا و گرتنەبەری رێوشوێن بۆ توندوتۆڵترکردنی سنوورەکان، بوودجەی تایبەت تەرخان کراوە، هەروەها دەست کراوە بە دروستکردنی بنکە، دانانی کامێرا و تاوەری چاودێریی.


راشیگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا، ١٧ شوێنیان بەدرێژایی سنووری تورکیا بۆ دروستکردنی بنکەی چاودێریی دەست نیشان کردووە، جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لەوبارەیەوە ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیا کراوە و گوتی: "بەئامانجی کۆنترۆڵکردنی ھێڵی سنووریی، هەماھەنگی لەگەڵ تورکیا دەکەین".


وەزیری ناوخۆی عێراق، هەروەها باسی لەوەش کردووە کە لە ‌سنووری سووریا، بەدرێژایی ٦٥ کیلۆمەتر بەربەستی کۆنکرێتی لە سنووری قەزای شنگال دانراوە و گوتی: "بەم زووانە و بە ئامانجی توندوتۆڵترکردنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دانانی کامێرای چاودێری دەکەین".


جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە سنووری عێراق ھێڵی سوورە و بۆ کۆنترۆڵکردنی ھیچ کەمتەرخەمییەکی لێ ناکەن و گوتی: "ھەوڵدەدەین لەگەڵ ھەموو وڵاتان رێگریی بکەین لە دزەکردن و قاچاخچێتی".


وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شممەری ئاشکراشی کردووە کە شەش ھەزار پۆلیسیان لە بنکەکانی سنوور لەگەڵ تورکیا و ئێران لە ھەرێمی کوردستان جێگیرکردووە و گوتی: "ھەماھەنگییەکانمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و ھێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە پڕۆسەی توندوتۆڵترکردنی سنوور، ھەروەھا ناوەندی ھەماھەنگی ھاوبەش لەنێوان فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە دامەزراوە".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (سپێده‌)