نەینەوا – INA - محەمەد حەدداد
یانەی وەرزشیی كارهبا بۆ تۆپی پێ، کە یەکێکە لە یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەردەوامە لە کامپی مەشق و ڕاهێنانی خۆی لە شاری مووسڵ، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ڕکابەرییەکانی وەرزە نوێیەکەی تۆپی پێ.
حەسەن ئەحمەد ڕاهێنەری یانەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کامپەکە یەکە مەشقییەکانی بەیانیان و ئێواران لەخۆ دەگرێت، جیا لە ئەنجامدانی چوار یاریی ئەزموونی (دۆستانە) لە چوارچێوەی بەرنامەی ئامادەکاریی یانەکەدا"، ڕوونیشی کردەوە کە "بەرنامەکە دوو یاری لە هەولێر، یارییەک لە دهۆک، و یارییەکی دیکەش لە بەرامبەر یانەی بهلهدیه موسل لەخۆ دەگرێت."
وتیشی "یانەکە لە ڕۆژانی یەکەمی کامپەکەدا کەشوهەوایەکی گونجاوی بینیوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "یاریزانان هەست بە ئارامی دەکەن، کە ئەمەش دەرفەت بە دەستەی مەشق و ڕاهێنەران دەدات بەردەوام ببن لە جێبەجێکردنی بەرنامەی ئامادەکارییەکانیان بە شێوەیەکی باش."
لە لایەکی دیکەوە، یاریزانی كارهبا "موهەننەد عەبدولڕەحیم" جەختی کردەوە کە یانەکە دوو هەفتەی لە بەغدا بەسەر بردووە کە تێیدا تەرکیزیان خستووەتە سەر لایەنی جەستەیی، لە کاتێکدا کامپەکەی مووسڵ ئەنجامدانی ژمارەیەک یاریی دۆستانەی گرنگ لەخۆ دەگرێت، هاوكات ئامادەییی یانەکەی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ڕکابەرییەکانی خولەکە و پێشکەشکردنی ئاستێک کە شایستە بێت بە ناو و جەماوەری یانەکە.
لای خۆشییەوە، یاریزانی یانەکە "ئەحمەد عادل" ئاماژەی بەوە کرد کە کامپەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوە دەچێت، ڕوونیشی کردەوە کە نیشتەجێبوون لە مووسڵ بۆ ماوەی دە ڕۆژ، شانبەشانی یەکە مەشقییەکان و یارییە دۆستانەکان، بەشدار دەبێت لە گەیشتن بە ئامادەییی پێویست پێش دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق.