🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سەرۆک وەزیران: عێراق پێویستی بە هاوبەشێکی ستراتیژی بە قەبارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی تەحەددییە ئابووری و تەکنەلۆژییەکان

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/14 21:26

بەغداد - INA

سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە عێراق پێویستی بە هاوبەشێکی ستراتیژی بە قەبارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە بۆ تێپەڕاندنی تەحەددییە ئابوورییەکان، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە حکومەتەکەی زەیدی دەکات لە بەهێزکردنی سەقامگیری و هەنگاوە ئابوورییەکاندا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە کۆشکی سپی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە"، ئاماژەی بەوەش دا کە "تێیدا تاوتوێی ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووڵایەنییەکان، فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان، و دەرفەتەکانی بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی عێراقدا کرا، بەتایبەتی لە بواری هاوکاریی نەوتیدا."

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: "لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا و تێڕوانینەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پەیوەندییە دووڵایەنییەکان، هاوکارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، و بەهێزکردنی کارە هاوبەشەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا خرانە ڕوو."

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە لێدوانێکدا کە لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە نووسینگەی هێلکەیی (ئۆڤاڵ) پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە دا کە "سەردانەکەی ئامانجی بنیاتنانی هاوبەشییەکی ئابووریی تۆکمەیە"، ڕوونیشیکردەوە کە "لەگەڵ کۆتاییهاتنی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش، بوونێکی ئابووری لە ڕێگەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە دەبێت، و پەیوەندی نێوان هەردوو کۆمەڵگاکەیە کە پاڵپشتی لە بوارەکانی ئابووری دەکات، نەک هاوبەشی سەربازی."

زەیدی ڕوونکردنەوەی دا کە "هاوبەشی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان، هاوشێوەی پردێکە لە نێوان کۆنترین شارستانیەتەکانی جیهان کە عێراق نوێنەرایەتی دەکات، لەگەڵ دڵی ئابووری جیهان کە ویلایەتە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتی دەکات، بە گرنگیدان بەو دەرفەتانەی کە پاڵپشتی لە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی عێراق و ئەمریکا دەکەن"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "عێراق پێویستی بە هاوبەشێکی ستراتیژی بە قەبارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەحەددییە ئابووری و تەکنەلۆژیانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە."

جەختیشی کردەوە کە "پلانەکانی گەشەپێدان و ئەو هاوبەشییە ئابوورییەی کە عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەوڵی بۆ دەدات، لە بەرژەوەندی عێراقدایە بە هەموو بەش و پێکهاتەکانییەوە"، ڕوونیشیکردەوە کە "کارکردن بۆ بەهێزکردنی ئابووری، هەرێمی کوردستان-عێراقیش دەگرێتەوە، بە هەمان شێوەی بەسرە، ئەنبار و پارێزگاکانی دیکەی عێراق."

لەلایەنی خۆیەوە، سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە "وڵاتەکەی پاڵپشتی عێراقی کردووە لە شەڕی دژ بە داعشدا، و بەردەوامیش پاڵپشتی حکومەتەکەی زەیدی دەکات لە بەهێزکردنی سەقامگیری و ئەو هەنگاوە ئابووریانەی کە جەخت لە هاوبەشی دووڵایەنی و ئەو بایەخە گەورەیە دەکەنەوە کە عێراق لە بواری وزە و ئابووری نێودەوڵەتیدا هەیەتی."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)