🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

موسڵ 9 ساڵ دوای ئازادکردنی لە داعش هێشتا چاوەڕوانی ئاوەدانکردنەوە دەکات

دەنگی ئەمەریکا 2026/07/10 23:02

گەڕەکە دێرینەکانی بەری لای ڕاستی شاری موسڵ ڕۆژانێک پڕ بوون لە ژیان و ڕەسەنایەتی، بەڵام نۆ ساڵ لەدوای داگیرکارییەکەی داعش، بەهۆی دڕندەیی شەڕەوە، بوونەتە وێرانەیەکی بێدەنگ. لەژێر هەر بەردێکی کەوتوی ناو گەڕەکە وێرانەکاندا چیرۆکێکی خەمناک و هاوارێکی کپکراوی مرۆیی نێژراوە، هاوارێک کە ڕەنگە تەنها خەڵکی شارەکە لە ئاهەکەی تێبگەن.

ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر دەرهێنانی موسڵ لەژێر دەستی داعش تێپەڕ دەبێت. حکومەتی عێراق بەرواری 10ـی حەوتی 2017 ڕزگارکردنی تەواوی شارەکەی ڕاگەیاند. پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی دەنگی ئەمەریکا بەم بۆنەیەوە سەردانی شارەکەی کرد و گفتوگۆی لەگەڵ هاووڵاتیان کرد.

بەگوێرەی ئامارێکی ئیدارەی پارێزگای موسڵ بۆ دەنگی ئەمەریکا، هەتا ئێستا تیمە مرۆییەکان هەزار و 750 تەرمیان لەژێر خانووە ڕوخاوەکانی شارەکە دەرهێناوە. بەڵام دوای چەندین ساڵ مەزەندە دەکرێت هێشتا تەرمی زیاتر لە 5 هەزار کەس لەژێر وێرانەکاندا مابن.

شەعلان حەیانی گەنجێکی ڕۆژنامەوانی خەڵکی شارەکەیە کە لەکاتی داگیرکاری داعش لەساڵی 2014 تا ساڵی 2017 خۆی لەنێو خانووە کەلەپووری و شوینەواریەکانی شارەکەدا حەشار داوە. ئەو هەموو چیرۆکەکانی ئەو کاتەی بیر ماوە، کە چۆن داعش کاتێک ڕوبەرووی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەبووەوە، بەردی خانووەکانی دادەڕماند.

شەعلان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ناوچەی کۆن تا ئێستاش تینووی ئەوەیە ژیانی بۆ بگەڕێتەوە و خەڵکەکەی بگەڕێنەوە بۆی. ئەگەرچی هەندێک شوێن هەن کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەریان گرتوون و سەرلەنوێ ئاوەدانیان دەکەنەوە، بەڵام هەندێک لە شوێن و ناوچەکان تا ئێستاش وێرانەنن. ئاسەواری شەڕ تا ئێستاش ماوە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ئاوڕێک لەم ناوچەیە بدەنەوە."

چەند سەد مەترێک لەنزیک خانووە داڕووخاوەکان، پیاوێکی سەروو 85 ساڵ بە ناوی حاجی محەمەد ساڵح لەنێو دوکانە بچووکەکەی کراسێکی سپی پۆشیوە و سەرقاڵی فرۆشتنی پێداویستیەکانی ڕاوکردنی ماسییە. ئەویش هاوشێوەی ئەو هەزاران کەس لە هاوشارییەکانی ماڵەکەی وێران بووە.

حاجی محەمەد بەدەستە لەرزۆکەکانی کە هێزی لێ بڕاوە، ئاماژەی بۆ دووری ماڵەکەی کرد و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " وەڵا ناوچەی کۆن پێشتر هەر حەزت دەکرد بچیتە ناوییەوە...کە دەچوویتە ناوی، حەزت نەدەکرد بێیتە دەرەوە...خانووە کۆنەکانمان تایبەت بوون و مێژووی موسڵ بوون."

وتیشی،" ئێستا کە تەماشای دەکەین هەمووی وێرانەیە و کەس نییە ئاوەدانی بکاتەوە، هیندەی تر خەمی لێ دەخۆین."

لەمانگی نۆیی ساڵی 2014 چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر موسڵ و دەوربەری. توانیان لەماوەی 24 کاتژمێردا بەتەواوی داگیری بکەن. دواتر لە ڕۆژی پێنجی هەمان مانگدا ئەبوبەکر بەغدادی لە مزگەوتی نوری گەورە چووە سەر سەکۆی وتارخوێندن و خەلافەتی داعشی ڕاگەیاند.

دوای مانەوەی موسڵ بۆ ماوەی سێ ساڵ لەژێر کۆنترۆڵی داعش، هێزە عێراقیەکان و هاوپەیمانان لە مانگی دەی ساڵی 2016 ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی شارەکەیان دەستپێکرد و توانیان لە مانگی حەوتی ساڵی 2017 بەتەواوی لە داعشی وەربگرنەوە.

بە گوێرەی ئامارێکی ئیداری پارێزگای موسڵ کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، لە جەنگی ئازادکردنەوەی شاری موسڵ، بەتایبەت لە بەری راستی شارەکە، بەهۆی روبەروبونەوەی توندەوە زۆرینەی خانو و بیناکان خاپور بوون، بەجۆرێک کە 250 هەزار خانوو و باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە وێران تۆمار کراون.

هەتا ئێستا 35 هەزار هاووڵاتی شارەکە داوای قەرەبوویان لە حکومەت کردووە. لەو ئامارەدا 5 هەزار و 850 داواکاری هی ئەو هاووڵاتیانەن کە کەسوکاریان کوژراوە، 2 هەزار و 700 داواکاریش هی ئەو کەسانەن کە بەهۆی جەنگەوە بریندار و کەمئەندامبون. بە گشتی 24 هەزار داواکاری قەرەبوو بۆ خانو و ماڵ و باڵەخانە خاپورکراوەکان بەرز کراونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکە ئەوە خراوەتە ڕوو، لەکۆی 53 گەڕەکی بەری راستی شارەکە، 15 گەڕەکیان هەتا ئێستا بە تەواوی بۆ ژیانکردن نەشیاون، 22 گەرەک نیوەی خانوەکانیان زیانی بەرکەوتوە و 16 گەرەکیشان تا ڕادەیەک زیانیان بەر کەوتووە.

ئیدارەی پارێزگای موسڵ نایشارێتەوە یەکێک لە ڕێگرە سەرەکیەکانی بەردەمیان بۆ بونیادنانەوەی بەری لای ڕاستی موسڵ بە خێرایی، بریتییە لەو بۆمبە شاراوانەی هێشتا پوچەڵ نەکراونەتەوە و لەژێر دار و پەردووی خانووە داڕووخاوەکاندا ماوون.

لە دەوروبەری ڕووباری دیجلە حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستیان کردووە بە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی خانوو و باڵەخانە کەلەپوری و شوێنەوارییەکان. بەڵام هاووڵاتیان خوازیارن تەواوی خانووەکان قۆناغ بەقۆناغ بونیاد بنرێنەوە.

ئەندازیار سامر یوسف خدر، بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە شارەوانیی موسڵ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پڕۆژەی کەناراوی ڕووبار لە شاری موسڵ، لە هەردوو بەری ڕاست و چەپ، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی شارەکە، چونکە ڕەسەنایەتی و کەلەپووری ئەم ناوچە کۆنە دەگێڕێتەوە کە بەهۆی کارەسات و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە زیانی بەر کەوتووە. پڕۆژەکە لە دوو قۆناغ پێکدێت: قۆناغی یەکەم بریتییە لە دروستکردنی 273 خانوو لەگەڵ کۆرنیشی بەری ڕاست. قۆناغی دووەم بریتییە لە دروستکردنی 273 خانوو و کۆرنیش لە بەری چەپ."

وتیشی، "سوپاس بۆ خودا کارەکان لە تەواوی پڕۆژەکەدا بەردەوامن. لە ئێستادا نزیکەی 250 خانوو دروستکراون؛ بەشێکیان لە قۆناغی کۆتاییدان و بەشەکەی تریشیان کار لەسەر پەیکەری خانووەکاندا دەکرێت. ئەم خانووانە لەسەر شێواز و تەلارسازیی کۆنی موسڵ بونیاد دەنرێنەوە، بۆ ئەوەی ناسنامە و کەلەپووری کۆنی شارەکە لەم خانووانەدا ڕەنگ بداتەوە...کەوانەکان (الاقواس) و فەرش و تەواوی ئەو پێداویستییە تەلارسازییانەی لە خانووە کۆنەکانی موسڵدا هەبوون، دووبارە بونیاد دەنرێنەوە."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)