وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە تەنگەی هورمز، نووسینگەی کۆنترۆڵی دارایی بیانی وەزارەتەکە سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک کەس و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی سەپاندووە.
بەپێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینە، سزاکان کەسێکیان کردووەتە ئامانج بە ناوی عەلی ئەنساری کە رێگە ی بۆ کاروباری دارایی ئێران خۆش کردووە و سیستەمێکی دامەزراندووە بۆ گواستنەوە قاچاغی داهاتی گشتیی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات لە بەرژەوەندی موجتەبا خامنەیی و بەرپرسانی تری ئێران.
هەروەها، وەزارەتی گەنجینە ژمارەیەک کۆمپانیای خزمەتگوزاری ئاڵوگۆڕی دراوی لە ئێران خستووەتە ناو لیستی سزاکان. دەڵێت ئەو کۆمپانیایانە هەموو ساڵێک چەندین ملیار دۆلار پارە بۆ بانکە ئێرانییە سزادراوەکان دەگوازنەوە و ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی تۆڕی دارایی کۆماری ئیسلامی دەگێڕن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئێستای ئێران بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز.
ئەمە لە کاتێکدایە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند ڕۆژێکە بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند لەسەر داواکاری ئێران، ئەمەریکا ڕازی بووە بە بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان، بەڵام "ئاگربەست کۆتایی هاتووە."
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ئێوارەی هەینی ڕایگەیاند کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئێران، مەسعود پزشکیان، گفتوگۆی لەسەر بارودۆخی ناوچە کردووە.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوون لە ڕۆڵی ناوبژیوانیی "بێلایەن و دڵسۆز" کردووەتەوە، بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.