وەرزش – INA
هەڵبژاردەی فەڕەنسا سەرکەوتنی بۆ قۆناغی پێشکۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦ مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی بە ئەنجامی ٢-٠ لە هاوتا مەغریبییەکەی بردەوە، لەو یارییەی کە لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتاییدا کۆیکردنەوە؛ بەمەش "کەڵەشێرەکان" باڵادەستیی خۆیان بەسەر "شێرەکانی ئەتڵەس"دا لە قۆناغەکانی یەکلاکردنەوەی مۆندیال دووبارە کردەوە، لە یارییەکدا کە درەوشاوەییەکی سەرنجڕاکێشی یاسین بۆنۆی بەخۆیەوە بینی، سەرڕای ئەوەی دوو گۆڵی لێکرا، دوای ئەوەی لێدانێکی سزای کیلیان ئێمباپێی گەڕاندەوە، کە ئەمەی دواییان تووشی پێکانێک هات کە کەمپی فەڕەنسیی نائارام کرد، بەهۆی ترسی بێبەشبوونی لە یارییەکانی داهاتوودا.
هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە خولەکەکانی سەرەتاوە کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد، و نزیک بوو کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی چوارەمدا گۆڵی یەکەم تۆماربکات، بەڵام یاسین بۆنۆ بە لێهاتووییەوە بەرپەرچی لێدانەکەی دایەوە، پێش ئەوەی گۆڵپارێزە مەغریبییەکە بگەڕێتەوە و دوای چەند چرکەیەکی کەم، لێدانێکی سەرى مەترسیداری دایۆ ئۆپامێکانۆ ڕزگار بکات.
باڵادەستیی فەڕەنسییەکان بەردەوام بوو لە نێوان هەوڵە یەکبەدوای یەکەکانی دێزیرێ دووێ و عوسمان دێمبێلی، لە کاتێکدا هەڵبژاردەی مەغریب تەنها بە چەند هێرشێکی پێچەوانە بەشدار بوو کە مەترسییەکی ڕاستەقینەیان لەسەر گۆڵی مایک مەینان دروست نەکرد.
دیارترین دیمەنی یارییەکە لە خولەکی ٢٥دا هات، کاتێک فاکوندۆ تیۆ، ناوبژیوانی ئەرژەنتینی لێدانێکی سزای بۆ بەرژەوەندیی فەڕەنسا ئەژمار کرد، دوای دەستوەردانی نەسیر مەزراوی لە دژی کیلیان ئێمباپێ.
ئێمباپێ لە خولەکی ٢٨دا بۆ جێبەجێکردنی لێدانی سزاکە چووە پێشەوە، بەڵام یاسین بۆنۆ بەردەوام بوو لە درەوشاوەیی خۆی، دوای ئەوەی پێشبینی گۆشەی ڕاستی کرد و بە لێهاتووییەوە تۆپەکەی گەڕاندەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە یەکسانبوونەکە بکات و پاڵنەرێکی مەعنەوی گەورە ببەخشێتە مەغریب.