🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

بەندەری ئوم قەسر پێشوازی لە کەشتییەکی چینی دەکات کە کەلوپەلی زەبەلاحی نەوت و کارەبای هەڵگرتووە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/09 16:53

بەغدا – INA

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە کەشتیی (KSL FUYANG) کە لە بەندەری "شەنگهای" وڵاتی چینەوە هاتووە، لە بەندەری ئوم قەسری باکوور لەنگەری گرتووە و بارێکی قورس و ستراتیژیی بۆ کەرتەکانی نەوت و کارەبا هەڵگرتووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە: "کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق، پێشوازی لە کەشتیی (KSL FUYANG) کردووە کە لەسەر سەکۆی ژمارە ١٧ لە بەندەری ئوم قەسری باکوور جێگیر بووە."

وردەکاریی بارەکەی ناو کەشتییەکە:

-کەلوپەلی نەوتی: پێکهاتووە لە ئامێری تایبەتمەند بۆ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە عێراق کار دەکەن، لەگەڵ بڕێکی زۆر لە بۆریی گواستنەوەی نەوت.

- کەرتی کارەبا:دوو موەلیدەی زەبەلاحی کارەبا کە کێشی هەر دانەیەکیان ١٦٣ تۆنە.

- کۆی گشتی: ژمارەی ئەو پارچە و کەلوپەلانەی لەناو کەشتییەکەدا بارکراون، دەگاتە ١٣٥٠ پارچە.

وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەی داگرتنی بارەکان بەپێی پلانێکی کارپێکردنی ورد و بە بەکارهێنانی نوێترین شێوازە تەکنیکییەکان ئەنجام دەدرێت. جەختیشی کردووەتەوە کە "وەرگرتنی ئەم جۆرە بارە جیاواز و قورسانە، نیشانەی ئامادەباشی تەواوی تەکنیکی و لۆجیستیی بەندەرەکانی عێراقە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کاڵا جۆراوجۆرەکاندا."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم گەشەپێدانە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی وەهاب حەسەنی، وەزیری گواستنەوەیە، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی بەندەرەکان بەپێی بەرزترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بە جۆرێک کە بەندەرەکان وەک دەروازەیەکی ستراتیژیی ئابووری بمێننەوە و پاڵپشتی لە جووڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان لە وڵاتدا بکەن.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)