بەغدا – INA
بەلیغ ئەبوو کەلەل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردنی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە کۆمپانیای "ستارلینک"بەڵێنی داوە بە تەواوی پابەندی یاسا و ڕێساکانی عێراق بێت و خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد بە شێوەیەکی فەرمی پێشکەش بکات.
ئەبوو کەلەل لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "تەنها یەک هەنگاو لەبەردەم مۆڵەتدانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد(ستارلینک) لە عێراق ماوە، ئەویش گواستنەوەی پارەی مۆڵەتەکەیە بۆ سەر هەژماری دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن. دوای گەیشتنی پارەکە، ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت و لە واشنتن ڕادەگەیەنرێت."
سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردن ئاماژەی بەوە کرد کە مۆڵەتدان بە ستارلینک لە بەرژەوەندیی وڵات و پاراستنی "سەروەریی دیجیتاڵی"دایە. وتیشی: "ئێستا هەزاران یان دەیان هەزار ئامێری ستارلینک بە نایاسایی لە عێراق کار دەکەن و هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نییە، ئەمەش گەورەترین پێشێلکاریی سەروەریی عێراقە، بۆیە ڕێکخستنەوەیان پێویستییەکی ئەمنییە."
ئەبوو کەلەل جەختی کردەوە کە دەستەکە لەگەڵ ستارلینک دانوستانی کردووە تاوەکو هیچ بارگرانییەکی دارایی نەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان و نرخەکان هاوشێوەی وڵاتانی ناوچەکە بن. لە ڕووی داراییەوە عێراق بەم شێوەیە سوودمەند دەبێت:
- وەرگرتنی ٩٪ لە داهاتی کۆمپانیاکە (٨٪ ڕاستەوخۆ و ١٪ بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان).
- سەپاندنی ١٥٪ باجی کۆمپانیاکانی پەیوەندی بەسەر ستارلینکدا.
ئاماژە بەوەش کرا کە لایەنە ئەمنییەکان بە توندی ڕێکخراون و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا "دەروازەکانی گەیشتن" لە ناو عێراقدا تەواو بکرێن. کۆمپانیاکە بەڵێنی داوە پابەندی هەموو پێداویستییە ئەمنییەکان و بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و دادگاکانی عێراق بێت و لەژێر سێبەری یاسای عێراقدا کار بکات.