بەغدا – INA
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی کردەوە کە حکومەتەکەی هیچ جۆرە جیاکاری و هەڵاوێردنێک لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی گەندەڵیدا ناکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ ڕێگەیەک لەبەردەم تێوەگلاواندا نییە جگە لە گەڕاندنەوەی ئەو پارە دزراوانەی کە هی گەلی عێراقن.
زەیدی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (العربية)، کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران بڵاوی کردەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ی ناردووە، ڕایگەیاند: "ئێمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی گەندەڵیدا هیچ جۆرە جیاکارییەک ناکەین؛ چونکە ئەمە بابەتێکی تاوانکارییە و هیچ پەیوەندییەکی بە مەزهەب، نەتەوە و لایەنگریی سیاسییەوە نییە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیران وتی: "بەدواداچوون بۆ تۆمەتبارانی گەندەڵی بەردەوامە. سروشتییە ئەو کەسانەی زیانمەند دەبن یان نیگەرانن، پەرچەکرداریان هەبێت و ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم ڕێکارە یاساییانە دەربڕن، بەڵام هیچ 'هێڵێکی سوور' لە هەوڵەکانماندا بۆ پاراستنی سامانی گشتی بوونی نییە." هەروەها جەختی کردەوە کە هەماهەنگیی نێوان حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری لە بەرزترین ئاستدایە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی مافەکانی گەل.
سەبارەت بە دۆسیەی چەک و گروپە چەکدارەکان، زەیدی ئاشکرای کرد: "لەگەڵ گروپەکان دەستمان بە گفتوگۆ کردووە و کارەکانی ئەوان لە داهاتوودا دەگوازرێتەوە بۆ کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. دوای کۆتایی هاتنی وادەی دیاریکراو، چەک بە تەواوەتی تەنها لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییە پسپۆڕەکاندا دەبێت."
لەبارەی قەیرانی دۆلار و ئابوورییەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە دواکەوتنی گەیشتنی بارە نەختینەییەکانی دۆلار پەیوەندی بە بارودۆخی ناوچەکە و ئاستەنگەکانی گواستنەوەی ئاسمانییەوە هەبووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە جێگیرە و بەپێی خشتەی کاتی پارەکان دەگەن. هەروەها ڕایگەیاند کە عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
سەبارەت بە ڕێکخراوی ئۆپێک ، سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە کە عێراق وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوەکە لێی ناکشێتەوە، بەڵام هەوڵ دەدات بۆ بەدەستهێنانی "پشکێکی دادپەروەرانە" لە بەرهەمهێنانی نەوتدا. هەروەها جەختی لە خواستنی وڵاتەکەی کردەوە بۆ شەراکەتی ئابووریی بەهێز لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، زەیدی باسی لە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر کرد و وتی: "کۆتایی بە هەموو دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەهێنین؛ چونکە ئێمە باوەڕمان بە دواخستنی کێشەکان نییە، بەڵکو دەمانەوێت بە یەکجاری چارەسەریان بکەین.