دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەواندا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا پێشوازی لە گواستنەوەی کارگەیەکی تۆیۆتای لە مەکسیکەوە بۆ ئەمەریکا کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ''ئەوە ئەنجامی زیادکردنی باجە لەسەر کارگەکانی دەرەوەی ئەمەریکا.''
ئەم هەنگاوەی تۆیۆتا لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ باجی لەسەر ئەو کارگانە زیاد کرد کە کەلوپەلەکانیان لە دەرەوەی خاکی ئەمەریکا بەرهەم دێنن و دەیگوازنەوە ناوخۆی ئەمەریکا. لە هەمانکاتدا باجی سەر وەبەرهێنانی ناوخۆی کەمکردەوە.
پێشبینی دەکرێت چەندین کارگەی دیکەی گەورە، کە لە دەرەوەی ئەمەریکا کار دەکەن و بەرهەمەکانیان دێنن بۆ ناوخۆی ئەمەریکا، بە هۆی کاریگەری زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمی دەرەکی کارەکانیان بگوازنەوە بۆ ناوخۆی ئەمەریکا.
گواستنەوەی کارگەکان بۆ ناوخۆی ئەمەریکا کاریگەری بەرچاو و ئەرێنی لەسەر هەلی کار بۆ دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێت.