بەغداد – INA - سووسەن جەزراوی
ئامادەکارییەکان بە هەنگاوی جیددی بەردەوامن بۆ گۆڕینی ماڵی شاعیری کۆچکردوو "بەدر شاکر سەییاب" لە گوندی جەیكور لە پارێزگای بەسڕە بۆ مۆزەخانەیەکی ڕۆشنبیری، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ڕەهەندی شارستانی وای هەیە لە تەنها پاراستنی دیوار و بەردەکان تێدەپەڕێت و دەگاتە پاراستنی یادەوەریی ڕۆشنبیریی عێراق.
ئەو ماڵانەی لەدایکبوون و گەورەبوونی داهێنەران بهخۆیهوه بینی ، بەهاکەیان تەنها لە ئەندازیاری تەلارسازییانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لەوەوە دێت کە ئەو شوێنانە فەزایەک بوون بۆ لەخۆگرتنی سەرەتاییترین بیرۆکە و ئەزموونەکان کە شوێنەواری قووڵیان لە مێژووی ئەدەب و هزری مرۆڤایەتیدا جێهێشتووە.
بەدر شاکر سەییاب وەک یەکێک لە دیارترین ڕەمزەکانی ڕوودانەوەی (ڕێنیسانسی) شیعری عەرەبی لە سەدەی بیستەمدا ئەژمار دەکرێت، هەروەها یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ڕاستەقینەی بزوتنەوەی "شیعری ئازاد" کە گۆڕانکارییەکی جۆریی لە پێکهاتەی قەسیدەی هاوچەرخی عەرەبیدا دروستکرد. ناوی ئەو بە گوندی جەیكورەوە بەستراوەتەوە، کە تەنها زێدی لەدایکبوونی نەبوو، بەڵکو گرنگترین سەرچاوە بوو بۆ وێنای شیعرەکانی و ڕەمزە شیعرییەکانی؛ چونکە لە دارخورما، ڕووبار و کێڵگەکانی ئەو گوندەوە ئیلهامی بۆ چەندین دەق وەرگرتووە کە بوونەتە نیشانەی دیار لە ئەدەبی عەرەبیدا، لە پێش هەمووشیانەوە قەسیدە بەناوبانگەکەی "أنشودة المطر - سروودی باران"، لەگەڵ بەرهەمەکانی تریدا کە تا ئێستاش ئامادەییەکی بەربڵاویان لە توێژینەوە ئەدەبی و زانکۆییەکاندا هەیە.
سەرەڕای ئەو بەها مێژوویی و ڕۆشنبیرییە گەورەیەی کە ماڵی سەییاب هەیبوو، بەڵام لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی پشتگوێخستن و کۆنبوون بووەوە، و بەشەکانی بەهۆی هۆکارەکانی کاتەوە زیانیان بەرکەوت، ئەمەش وایکرد ئەدیبان، ڕۆشنبیران و خەمخۆرانی کەلەپوور چەندین جار داوای ڕزگارکردن و گۆڕینی بکەن بۆ شوێنەوارێکی ڕۆشنبیری کە شایستەی پێگەی خاوەنەکەی بێت.
هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین دەستپێشخەری ڕاگەیەندران، بەڵام نەگەیشتنە قۆناغی جێبەجێکردنی تەواوەتی، بۆیە پڕۆژەی مۆزەخانەکە بۆ چەندین ساڵ بە هەڵپەسێردراوی مایەوە.
ئێستاش لەگەڵ دەستپێکردنی کرداریی کارەکانی نۆژەنکردنەوە، نیشانەکانی ئەم پڕۆژە ڕۆشنبیرییە بە شێوازێکی پێگەیشتووانەتر دەستیان بە دەرکەوتن کردووە؛ چونکە نەخشەی پڕۆژەکە تەنها لە نۆژەنکردنەوەی ماڵەکە بەپێی بنەما تەلارسازییەکان بۆ پاراستنی ناسنامە کەلەپوورییەکەی کورت نابێتەوە، بەڵکو دروستکردنی مۆزەخانەیەکیش دەگرێتەوە کە بەڵگەنامە، وێنە، دەستنووس و کەلوپەلە تایبەتییەکانی تێدا بێت کە ژیان و کاروانی داهێنەرانەی سەییاب دۆکیۆمێنت دەکەن، هاوشان لەگەڵ تەرخانکردنی هۆڵ بۆ سیمینار، چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان، شەوانی شیعر و پێشانگا هونەرییەکان، ئەمەش وادەکات شوێنەکە زیندوێتییەکی ڕۆشنبیریی بەردەوامی هەبێت و ببێتە شتێک لە تەنها شوێنێک بۆ سەردانیکردن زیاتر بێت.
گرنگی پڕۆژەکە لە ڕەهەندی ئەدەبییەوە تێدەپەڕێت بۆ ڕەهەندی ڕۆشنبیری، گەشتیاری و پەروەردەیی؛ لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە، مۆزەخانەکە بەشدار دەبێت لە چەسپاندنی هۆشیاری بە مێژووی ئەدەبی عێراقی و زیندووکردنەوەی یادەوەری یەکێک لە دیارترین ڕەمزەکانی. لە ڕووی گەشتیارییەوە -وەک ئەوەی لە زۆرێک لەو وڵاتانەی ڕێز لە ڕەمزە ڕۆشنبیرییەکانیان دەگرن پەیڕەو دەکرێت- دەکرێت ببێتە وێستگەیەکی سەرەکی لە ناو ڕێڕەوی ڕۆشنبیری لە پارێزگای بەسڕە، کە توێژەران، قوتابییان و خەمخۆرانی شیعری عەرەبی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق ڕابکێشێت.
لە ڕووی پەروەردەییەوە، مۆزەخانەکە دەرفەتێک دەداتە نەوەکانی نوێ بۆ ناسینی نزیک لەو ژینگەیەی کە هۆشیاریی سەییابی تێدا پێگەیشتووە، و خوێندنی ژیاننامە و بەرهەمە ئەدەبییەکانی زیاتر بە واقیعەوە دەبەستێتەوە.
سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەش بەستراوەتەوە بە بەردەوامی پاڵپشتی دامەزراوەیی، تەواوکردنی کارەکانی دۆکیۆمێنتکردن و کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانی شاعیر، و داڕشتنی بەرنامەی ڕۆشنبیری هەمیشەیی کە مۆزەخانەکە بکاتە دامەزراوەیەکی چالاک کە ئەرکەکەی تەنها پیشاندانی کەلوپەلەکان نەبێت، بەڵکو لەخۆگرتنی چالاکییە ئەدەبی و توێژینەوەییەکان و هاندانی ئەو لێکۆڵینەوانەش بێت کە تایبەتن بە میرات و ئەزموونی شیعری سەییابەوە.
بەم شێوەیە، ماڵەکە لە شوێنێکەوە کە بە یادەوەری شاعیرێکی گەورەوە بەستراوەتەوە، دەگۆڕێت بۆ مەشخەڵێکی ڕۆشنبیری کە دووپاتی دەکاتەوە داهێنانی ڕاستەقینە نامرێت، و ئەو نیشتمانانەی یادەوەری داهێنەرەکانیان دەپارێزن، لە ڕاستیدا بەشێکی ڕەسەن لە مێژوو و ناسنامەی ڕۆشنبیری خۆیان دەپارێزن.