بەغداد – INA – ئامنە سەلامی
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە ئەو پارانەی لە گەندەڵکاران وەرگیراونەتەوە، داهاتێکی نائاسایین (نائاسایی و کاتی) و ناتوانرێت لە کاتی داڕشتنی بودجەی گشتیدا پشتیان پێ ببەسترێت، هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە ئەو پارانە بەشدار دەبن لە کەمکردنەوەی کورتهێنان و دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەکان.
ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ئەو پارانەی کە لە گەندەڵکاران وەرگیراونەتەوە، داهاتێکی نائاسایی گرنگن و دووبارە نابنەوە، چونکە ناتوانرێت بە شێوەیەکی پێویست و هەمیشەیی لە کاتی داڕشتنی بودجەی گشتیدا پشتیان پێ ببەسترێت، بەڵام سەرچاوەیەکی داهاتی گرنگ پێکدەهێنن لە پلاندانانی داراییدا".
وتیشی: "زۆرجار ئەو پارانە ئاراستە دەکرێن بۆ پڕکردنەوەی فەزای کورتهێنان یان دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەی دیاریکراو کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی تاکەکانەوە هەیە، یان بۆ بەهێزکردنی یەدەگی دارایی وڵات، نەک بۆ بنیاتنانی بودجەی ساڵانە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دارایی درێژخایەندا، چونکە ئەمە بەستراوەتەوە بە سەقف و تواناکانی سیاسەتی دارایی لە ناو چوارچێوەی داڕشتن و جێبەجێکردنی بودجەی گشتیدا".
جەختیشی کردەوە کە "وەرگرتنەوەی پارەکانی گەندەڵی کارێکی گرنگە، چونکە بەفیڕۆدانی دارایی کەم دەکاتەوە، پاڵپشتی گەنجینەی گشتی دەکات، و متمانەی هاووڵاتیان، وەبەرهێنەران و کۆمەڵگەی دارایی نێودەوڵەتی بە سیستمی ئابووری وڵات بەهێزتر دەکات"، ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەو پارانەی لە گەندەڵکاران وەرگیراونەتەوە، ئامرازێکی پاڵپشتی گرنگن بۆ ئابووری نیشتمانی، بەڵام بە پێویستی وەک جێگرەوەیەکی تەواو بۆ بودجەی گشتی ئەژمار ناکرێن، چونکە ئەمە وەستاوەتە سەر قەبەرەی خەرجییە گشتییەکان و سەقفەکانی".