🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

شاندێکی کۆنگرێس: ناتۆ یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی ڕێگرتن لە هەڕەشە و دەستدرێژیی سەربازی

دەنگی ئەمەریکا 2026/07/07 00:26

لە کاتێکدا ڕێبەرانی 32 وڵاتی ئەندامی ناتۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە خەرجی بەرگری و جەنگی ئۆکرانیا و داهاتووی هاوپەیمانێتییەکە، شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا بەشداردەبن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ناتۆ.

شاندەکە سیناتۆر جین شاهین، ئەندامی باڵای لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەنجومەنی سینات، سەرۆکایەتی دەکات و پێکهاتووە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری. بەپێی ڕاگەیاندنێکی سیناتۆر شاهین ئامانجی سەرەکیی گەشتەکە دووپاتکردنەوەی پشتگیریی ئەندامانی کۆنگرێسی هەردوو پارتی ئەمەریکایە بۆ ناتۆ و ئۆکرانیا.

دووپاتکردنەوەی پشتگیریی بۆ ناتۆ لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانێتییەکە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک بوەتەوە لەوانە خەرجیی ئەندامانی ناتۆ بۆ پەرەپێدانی بەرگری و توانای سەربازیی ئەوروپا لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا. هەر بۆیەش ئەندامانی کۆنگرێس لەگەڵ ڕێبەران و بەرپرسانی ناتۆ کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە.

لە چەندین بۆنەدا سەرۆک ترامپ بەردەوام داوای لە هاوپەیمانانی ئەوروپی کردووە کە خەرجییەکانی بەرگری زیاد بکەن. زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێس هاوبەشی ئەو بۆچوونەن و لەگەڵ ئەوەدان کە پێویستە وڵاتانی ئەوروپا خەرجی زیاتر لە بواری بەرگریی و تواناسازی سەربازیدا بکەن وە چاوەڕوان دەکرێت ئەم بابەتە یەکێک بێت لە تەوەرەی کۆبوونەوەکانیان.

ئەندامانی ناتۆ لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەڵێنیان داوە کە خەرجیی بەرگری زیادبکەن. بەپێی راپۆرتی ساڵانای مارک ڕوتە، سکترتێری گشتی، ناتۆ، وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا لە ساڵی پاردا" 574 ملیار دۆلاریان لە بوارەکانی بەرگریدا خەرج کردووە، کە لە سەدا بیست،" زیادبوونبوو بە بەراورد بە ساڵی 2024.

سیناتۆر شاهین لەم بارەیەوە وتی،"دەستخۆشی لەو هەنگاوانە دەکەین کە ئەندامانی ناتۆ لە بواری زیادکردنی خەرجی بەرگریدا ناویانە." زۆرێک لە ئەندامانی کۆنگرێس پێیانوایە ناتۆیەکی بەهێزتر لە قازانجی ئەمەریکادایە بۆیە داوای دەکەن یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە بپارێزرێت.

بابەتێکی دیکە کە بایەخێکی زۆری پێدەدرێت جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیایە. سیناتۆر شاهین دەڵێت پێویستە هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا و فشارخستنە سەر ڕووسیا زیاردبکرێت. سناتۆر شاهین و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی کۆنگرێس پێشتر ڕایانگەیاندووە کە کێشەی ئۆکرانیا تەنها بابەتێکی ناوخۆیی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی ئەوروپا و پێگەی ناتۆوە هەیە.

لە هەمان کاتدا، تورکیا هەوڵ دەدات بابەتی گەڕانەوەی بۆ بەرنامەی فرۆکە جەنگیی F35 لەگەڵ ئەمەریکادا باس بکات. ئەنقەرە لە بنەڕەتدا بەشداربوو لە بەرنامەی فرۆکە جەنگیی F35 ، بەڵام لە ساڵی 2019 دوورخرایەوە دوای کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکی S-400 لە ڕووسیا.

کۆنگرێسی ئەمریکا لەم بابەتەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، چونکە بڕیارەکانی فرۆشتنی چەک و سزادانی وڵاتان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندییان بە یاسادانەرانی ئەمەریکاوە هەیە. زۆرێک لە ئەندامانی کۆنگرێس ترسیان لەوە هەیە کە ڕووسیا بتوانێت لە ڕێگەی سیستەمی S-400 وە زانیاریی هەستیار دەربارەی F35 بەدەست بهێنێت. ئەندامانی کۆنگرێس مەرجیان هەیە بۆ ڕێگەدان بە گەڕانەوەی تورکیا بۆ ناو بەرنامەکە کە لە نێویاندا دەبێت تورکیا بە تەواوی دەستبەرداری سیستەمی راداری سیستەمی S-400 بێت.

لە کۆتایی گەشتەکەیاندا، ئەندامانی کۆنگرێس دەیانەوێت ناتۆ بە یەکگرتوویی ببینن و هاوپەیمانانی ئەوروپا بەرپرسیارێتی گەورەتری بواری بەرگریی بگرنە ئەستۆ و بەڵێنەکانیان سەبارەت بە زیادکردنی خەرجیی بەرگری و پەرەپێدانی توانای سەربازی جێبەجێ دەکەن و هاوکاری بۆ ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)