بەغداد - INA - ویسام مەلا
پارێزگاری دیوانییە عەباس زاملی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند: دەرفەتی وەبەرهێنانی نوێ لە پارێزگاکەدا بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان هەیە، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە دەستبەکاربوون لە وەبەرهێنانی هەردوو کارگەی چیمەنتۆ و ئاسن و پۆڵا کرد، لەگەڵ خستنەڕووی دەرفەت بۆ پڕۆژەی دیکە لە کەرتەکانی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵدا.
زاملی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "پارێزگای دیوانییە دەرفەتی وەبەرهێنانی هەیە بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان وەک فڕۆکەخانە و شارۆچکەی پیشەسازی، لە ماوەی کارکردنیشماندا دەرفەتی وەبەرهێنانی کارگەی چیمەنتۆی دیوانییەمان خستەڕوو و کۆمپانیاکە دەستی بەکارکردن کرد و ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامە، ئەمە جگە لە کارگەی ئاسن و پۆڵا کە ئەویش کۆمپانیاکە شوێنەکەی وەرگرتووە و دەستی بەکارکردن کردووە"، ڕوونیشیکردەوە: کە "کارگەی چیمەنتۆکە لەلایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە وەبەرهێنانی تێدا کراوە و کارگەی ئاسنەکەش بە هاوبەشی نێوان کۆمپانیایەکی عێراقی و بیانییە".
وتیشی:"پڕۆژە بۆ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون هەن کە هەندێکیان ئیحالە کراون و بەشێکیشیان هەندێک کێشەیان هەبوو کە چارەسەر کران، چ لەسەر ئاستی بیناسازی ستوونی یان ئاسۆیی، هەروەها دەرفەتی وەبەرهێنانی کشتوکاڵیشمان هەیە".
ئاماژەی بەوەش دا: کە "یاسای وەبەرهێنان کێشەی تێدایە بەهۆی ئەو میکانیزمەی کە پەیڕەو دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندییەکان"، بەڵام جەختیکردەوە کە "سەرەڕای ئەوەش، پارێزگاکە گرنگییەکی زۆر بە بابەتی وەبەرهێنانەکان دەدات".