بەغداد – INA – ئەمنە سەلامی
وزارەتی بازرگانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، پلانێکی گشتگیری بۆ بەهێزکردنی کۆگای ستراتیژی و بەرەنگاربوونەوەی قۆرخکاری ڕاگەیاند، لە هەمانکاتدا ئاماژەی بەوە دا کە دابەزینی تێچووی گواستنەوە لە ماوەی داهاتوودا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر نرخی کاڵاکان دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتەکە محەمەد حەنون، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "گەڕانەوەی هاتوچۆی دەریاوانی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، و گەیشتنی ئەو کەشتیانەی کە ماددەی خۆراکی و کاڵای سەرەکیشیان هەڵگرتووە، فاکتەرێکی گرنگن لە بەهێزکردنی سەقامگیری بازاڕە ناوخۆییەکان، بەتایبەتی کە هەر شڵەژانێک لە هێڵەکانی گواستنەوەی دەریاییدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی و نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان".
ئەوەشی خستەڕوو: کە "وەزارەتی بازرگانی بە شێوەیەکی بەردەوام بەدواداچوون بۆ جووڵەی بازاڕەکان و نیشاندەرەکانی نرخی ماددە خۆراکییەکان و کاڵا سەرەکییەکان دەکات، و هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەری دابەزینی تێچووی گواستنەوە و بارکردن دەکات دوای دەستپێکردنەوەی ئاسایی جووڵەی کەشتییەکان، بەشێوەیەک کە مسۆگەری بکات ئەمە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەو نرخانە هەبێت کە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا مامەڵەیان پێوە دەکرێت".
ڕوونیشیکردەوە: "باشتربوونی ڕەوتی دابینکردنی پێداویستییەکان و بەرزبوونەوەی قەبارەی کاڵای خراوەڕوو، دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ئەو گوشارانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر هەندێک کاڵا دروست ببوون".
جەختیشیکردەوە: "وزارەتەکە پلانێکی کاری هەیە کە پشت بە چەند تەوەرێک دەبەستێت، دیارترینیان: بەهێزکردنی کۆگای ستراتیژی لە ماددە سەرەکییەکان، بەدواداچوونی ڕەوتی هاتنەناوەوەی کاڵاکان لە ڕێگەی دەروازە جیاوازەکانەوە، لەگەڵ هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە چاودێرییە پسپۆڕەکان بۆ دەستنیشانکردنی هەر حاڵەتێکی قۆرخکاری یان قۆستنەوە کە ڕەنگە ببێتە هۆی هێشتنەوەی نرخەکان لە ئاستێکی بەرزدا سەرەڕای نەمانی ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی بەرزبوونەوەیان".
ئاماژەی بەوەش دا: کە "وەزارەت کار دەکات بۆ دابینکردنی نیشاندەری ورد بۆ جووڵەی بازاڕەکان و ئەو بڕە ماددە خۆراکیانەی کە لەبەردەستدان، بەشێوەیەک کە بەشدار بێت لە بەدیهێنانی هاوسەنگی نێوان خستنەڕوو و داواکاریدا و ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەر کەمییەک کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری نرخەکان هەبێت".
ئەوەشی خستەڕوو: "بەردەوامبوونی لێشاوی کاڵاکان بە ڕێژەی سروشتی، نەرمی پێشەکەش بە بازاڕ دەکات و کێبڕکێ لە نێوان هاوردەکاران و بازرگاناندا بەهێزتر دەکات، ئەمەش بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەی لەسەر بەکارهێنەر دەبێت".
وتیشی: "ئامانجی وەزارەت بریتییە لە پاراستنی سەقامگیری ئاسایشی خۆراک و دەستەبەرکردنی ماددە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان بە نرخێکی دادپەروەرانە"، جەختیشی لەسەر "بەردەوامبوونی ڕێکارە چاودێرییەکان و بەدواداچوونی مەیدانی لە ماوەی قۆناغی داهاتوودا کردەوە بۆ مسۆگەرکردنی سوودمەندبوونی بازاڕ و بەکارهێنەر لە هەر دابەزینێک کە لە تێچووی هاوردەکردن، گواستنەوە و بارکردندا ڕوودەدات".