بەغداد – INA
سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیکردەوە، لەسەر پێویستیی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان و خێراکردنی ڕەوتی ئاوەدانکردنەوە لە سەڵاحەدین.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکاندا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە شاندی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین کرد بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولسەلام سومەیدەعی، کە تێیدا تاوتوێی واقیعی پارێزگای سەڵاحەدین و پێداویستییە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانییەکانی کرا".
ڕوونیشیکردەوە: "لە میانی دیدارەکەدا، گفتوگۆ کرا دەربارەی ئەو پڕۆژە زیندووانەی کە بەشدارن لە پەرەپێدانی ژێرخان و باشترکردنی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە ڕۆڵەکانی پارێزگاکە دەکرێن، ئەوە جگە لە پێداچوونەوە بە دیارترین ئەو ڕێگریانەی کە ڕووبەڕووی ئیدارەی خۆجێیی دەبنەوە و ڕێگاکانی چارەسەرکردنیان".
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە دا: کە "پارێزگای سەڵاحەدین کۆڵەکەیەکی گرنگە لە کاروانی بنیادنان و سەقامگیری لە عێراقدا"، ئاماژەشی بە "پێویستیی پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانە کرد کە ئامانجیان جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، خێراکردنی ڕەوتی ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانە، بە شێوەیەک کە بە ئەرێنی ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و هیواکانیان بهێنێتە دی".
هەروەك باسی لە "گرنگیی قۆستنەوەی ئەو توانستە ئابووری و کشتوکاڵییانە كرد کە پارێزگاکە پێیان ناسراوە، و کارکردن لەسەر ڕەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ ڕاکێشانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی زیاتر و ڕەخساندنی دەرفەتی کار".
داواشی کرد: کە "پێویستە بە ڕۆحیەتی بەرپرسیارێتی و هاوکاری لە نێوان هێزە نیشتمانییە جیاوازەکاندا کار بکرێت، بە شێوەیەک پاڵپشتی لە سەقامگیری بکات و هەوڵەکانی گەشەپێدان و جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە بەهێزتر بکات کە خزمەت بە ڕۆڵەکانی پارێزگاکە دەکەن".
لەلایەن خۆیەوە، شاندی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین ستایشی "هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆماریان کرد لە پاڵپشتیکردنی پارێزگاکان، و جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی کارکردن و هەماهەنگی کردەوە بۆ تێپەڕاندنی تەحەدییە هاتووە پێشەکان و پێشخستنی بەرژەوەندی گشتی بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی پێشکوتنی زیاتر لە ڕێڕەوە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانییەکانی پارێزگاکەدا".