ئەم هەفتەیە کۆنگرێسی ئەمەریکا کارنامەیەکی فراوانی هەیە و یاسادانەران پێداچوونەوە و دەنگدان لەسەر ژمارەیەک بابەت و ڕەشنووسی یاسا دەکەن. لەنێوان ئەم بابەتانەدا سیاسەتی دەرەوە و مافی مرۆڤ و چالاکی سەربازین کە کاریگەریی نێودەوڵەتییان دەبێت بەتایبەت لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ئەنجوومەنی سینات، یاسادانەران رۆژی دووشەممە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەب بۆ دەنگدان لەسەر دەقێکی یاسای دەسەڵاتی جەنگ، کە داوا دەکات ڕێنمایی سەرۆک ترامپ بکرێت بۆ کشاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە هەر ململانێک لەگەڵ ئێران. ئەم بابەتە گفتوگۆیەکی زۆری لەبارەیەوە دەکرێت و پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەرداوە، بەڵام دەنگدانێکی سیمبولی دەبێت و سەرۆک پابەند ناکات بە کشانەوەی هێز وە نابێتە هۆی دەستبەجێ گۆڕانی سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ترامپ. هەنگاوەکە درێژکراوەی ئەو گفتوگۆو بۆچوونانەیە کە سەبارەت بە شەڕی ئێران لە نێو کۆنگرێسدا هەن.
لە هەمان رۆژدا، لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی سینات کۆبوونەوەیەکی داخراو دەکات بۆ باسکردن و هەڵسەنگاندنی بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی. هەر چەندە کارنامەی ئەم کۆبوونەوەیە نادریارە، بەڵام لەم جۆرە کۆبوونەوانە باسی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکرێت.
لە ئەنجوومەنی نوێنەران، یاسادانەران هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە پرۆژە یاساکانی خەرجی حکومەت دەکەن بۆ ساڵی داهاتوو. ئەم پرۆژە یاسایانە بودجەی بەرگری و وەزارەتی دەرەوە و هاوکاریی نێودەوڵەتی دەگرنەوە. بۆچوون و بڕیارەکانی ئەندامانی کۆنگرێس ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە دیاریکردنی بودجەی وەزارەت و دامەزراوەکان و ستراتیژی ئەمەریکا بۆ چۆنیەتی کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکان لە سەرانسەری جیهاندا و لەنێویاندا ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە هەفتەی ڕابردوو، لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی سینات پرۆژەیاسای درێژکردنەوەی کۆمیسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادیی ئایینی پەسەندکرد و هەنگاوێک نزیکی کردەوە لە دەنگدان لە ئەنجومەنی سینات. کاری ئەم کۆمیسیۆنە چاودێریکردنی مافی ئازادیی ئایینیە لە سەرانسەری جیهان و پێشکەشکردنی ڕاوێژە بە حکومەتی ئەمەریکا سەبارەت بەو ناوچانەی پێشێلکاری تێدا ڕوودەدات. هەروەها ڕاسپاردە پێشکەش دەکات بۆ چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەو پێشێلکارییانە.
بۆ کورد لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمە بابەتێکی گرنگە چونکە لەنێو کورددا چەندین بیرباوەڕی ئایینی جیاواز هەن. چاودێریی و راپۆرت و راسپاردەکانی ئەم کۆمیسیۆنە یارمەتی ئەوە دەدات حکومەتی ئەمەریکا و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بایەخێکی زیاتر بدەن بەرامبەر پێشیلکاری مافی ئازادی بیروباوەڕی ئایینی بەتایبەت کەمینە ئاینییەکان وە کاریگەرییان لەسەر لایەنی دیپلۆماسی و دابینکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی و، لە هەندێ حاڵەتدا، هەوڵی پاراستنی کەمینە ئایینیەکان لە توندوتیژی.
دەنگی ئەمریکا لەنزیکەوە و بەردەوام کار و چاڵاکییەکانی کۆنگرێس ڕووماڵ دەکات، بەتایبەتی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە کاریگەرییان لەسەر کورد دەبێت.