بەغداد - INA
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ١٧٢ تۆمەتبار بەهۆی یاریکردن بە نرخەکانەوە پشتڕاستکردەوە، هاوکات دەستبەسەرداگرتنی ٣٤ تۆن ماددەی خۆراکی بەسەرچووش لە سەرەتای مانگی موحەڕەمی پیرۆزەوە ڕاگەیاند.
لیوا مەقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ، لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە بەردەوامانەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری و تەندروستی و پاراستنی هاوڵاتییان لە مانگی موحەڕەمی پیرۆزدا دەیاندات، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی لە بەغداد و سەرجەم پارێزگاکان".
وتیشی: "لە یەکەم ڕۆژی مانگی موحەڕەمی پیرۆزەوە تا ئەمڕۆ سێشەممە، ئەم هەوڵانە بوونەتە هۆی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر (٦٥) تۆمەتبار کە تۆمەتبارن بە یاریکردن بە نرخی کەلوپەلە خۆراکییە سەرەکییەکانەوە، جگە لە دەستگیرکردنی (٧٧) تۆمەتباری تر لەوانەی بازرگانی و سەرپێچی دەکەن بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراوەوە".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەروەها مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە توانیویانە دەست بەسەر (٣٤) تۆن ماددەی خۆراکی بەسەرچوودا بگرن و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران بگرنەبەر، لەگەڵ تۆمارکردنی (٢٢) تۆمەتبار بەهۆی سەرپێچی پەیوەندیدار بە لایەنی تەندروستییەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد کە: "وەزارەتی ناوخۆ جەخت لە بەردەوامیی هەڵمەتە چاودێری و پشکنینەکانی دەکاتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، و هیچ کەمتەرخەمییەک ناکرێت بەرامبەر هەر کەسێک کە هەوڵی قۆستنەوەی هاوڵاتییان یان زیان گەیاندن بە تەندروستییان یان تێکدانی سەقامگیری ئابووری بدات، هاوکات داوا لە هەمووان دەکات هەر حاڵەتێکی سەرپێچی یاسا ڕابگەیەنن، بەو ئامانجەی پێکەوە بەشدار بن لە پاراستنی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری".