🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەرکردنی فەرمانبەرانی دەستپێکرد

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/06/23 12:20

نێودەوڵەتی – INA

تۆڕی هەواڵی CNN ڕایگەیاند کە سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا "بیڵ بۆڵتی"، دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پلانێکی بەرفراوان بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی دەزگاکە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی دامەزراوەی هەواڵگرییدا.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی دامەزراوە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە حکومییەکان، ئەمەش لە ناوەڕاستی مشتومڕێکی بەردەوامدا سەبارەت بە ڕۆڵ و هەژموونی ئاژانسە فیدراڵییەکان لە ناوخۆی دەوڵەتی ئەمریکادا.

تۆڕی ناوبراو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، پرۆسەی دەرکردنی فەرمانبەران لە ئێستاوە دەستیپێکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم پرۆسەیە ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە بە "توخمەکانی دەوڵەتی قووڵ" لە ناو دەزگاکەدا وەسف دەکرێن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە پێدەچێت نوێنەرایەتی ڕەوتە بیرۆکراتییە دژبەرەکانی ئاڕاستەکانی ئیدارەی ئێستا بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ ڕاستەوخۆ دوای دەستنیشانکردنی "بۆڵتی" وەک سەرپەرشتیاری هەواڵگریی نیشتمانی، ڕایسپاردووە بە جێبەجێکردنی پلانێک بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندان لەو دامەزراوەیەی کە سەرپەرشتی ١٨ ئاژانس و دەستەی هەواڵگریی ئەمریکی دەکات.

تۆڕی CNN ئەوەشی ئاشكراكرد کە بۆڵتی یەک ڕۆژ پێش وادەی چاوەڕوانکراو دەستبەکاربووە، و بەو گەیشتنەشیدا داوای لیستێکی گشتگیری ناوی سەرجەم فەرمانبەرانی کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، گەورەترین شەپۆلی کەمکردنەوەی هەلی کارەکان ڕەنگە بەر "سەنتەری نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" و "سەنتەری نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی و ئاسایش" بکەوێت، کە دوو لە دیارترین دامەزراوەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانین.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ڕاگەیاندبوو، کە ڕێنمایی بە بۆڵتی داوە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی کەمکردنەوەی قەبارەی دەزگاکە، بەو پێیەی پێی وایە نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی "زیاد لە پێویست ئاوساوە" و فاقدی کارامەیی داواکراوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)