بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی کەشناسی پێشبینی دابەزینی پلەکانی گەرما لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کرد، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هیچ ئاماژەیەک بۆ هەبوونی ڕەشەبای بەهێز لە ڕۆژانی داهاتوودا نییە.
عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی کەشناسی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وڵات لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بەهێزی گەرما، بەڵام بەپێی نوێترین پێشبینییەکان، کاریگەری ئەم شەپۆلە گەرمایە کەمتر دەبێت لەوەی پێشتر پێشبینی کرابوو، ئەوەش بەهۆی پاشەکشەی بەرزەپاڵەپەستۆی سەرەوەی کەشوهەوا.
ئاماژەی بەوەشکرد : وڵات لە ناوەڕاستی هەفتەدا بەرزبوونەوەیەکی کەمی پلەکانی گەرما بەخۆوە دەبینێت، بەڵام لە کۆتایی هەفتەدا پلەکان دادەبەزنەوە و کەشوهەوا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆی.
هەروەک جەختی کردەوە کە دۆخەکە لە چوارچێوەی ئاستە گشتییەکاندا دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی باشوور لە نێوان 47 بۆ 49 پلەی سیلیزی دەبێت، کە ئەمەش ئاستێکی ئاساییە بۆ ئەم وەرزە.