🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

ئەوقافی دهۆک: دەنگی بانگی مزگەوتەکان رێکدەخەینەوە، کەمی ناکەینەوە

خەڵک میدیا 2026/06/15 20:11

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆک، روونکردنەوەی لە بارەی بڕیارێک بۆ رێکخستنەوەی دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان دا و رایگەیاند، ئامانج لە بڕیارەکە “رێکخستنەوەی ئاستی دەنگی بانگە” نەک کەمکردنەوەی. بڕیارەکەش دوای ئەوە هاتووە، سکاڵای نوێژخوێنان و دانیشتووانی دەوروبەری هەندێک مزگەوتی پێگەیشتووە. عەبدولڕەزاق کۆڤلی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک راگەیاند، بانگ یەکێکە لە دروشمە پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلام، ویستوومانە رێکخستنەوەیەکی باشتری بۆ بکەین، تاوەکو جوانییەکی دیکە بە مزگەوتەکان ببەخشێت.” بە وتەی کۆڤلی، کێشەکە لە خودی بانگی یەکگرتوودا نییە، بەڵکو لە میکانیزمی گەیشتنی دەنگەکەدایە و وتی: “لە هەندێک مزگەوتدا دەنگی بڵندگۆکان زۆر بەرزکراوەتەوە و ئەو نوێژخوێنانەی لەنێو مزگەوتەکانیشن سکاڵایان گەیاندووەتە ئێمە و گوتوویانە گوێمان ئازار دەدات.” وتیشی، لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە پێکهێنراوە؛ ئەو مزگەوتانەی دەنگیان گونجاوە وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام ئەوانەی دەنگیان زۆر بەرزە یان نزمە، دەستکاری دەکرێن بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک دروست ببێت. بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پارێزگای دهۆک، کە لە 14ـی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی سکاڵای هاووڵاتییان و رێکخستنەوەی بڵندگۆی مزگەوتەکان، چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد، لەوانە کەمکردنەوەی دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان لە ناوەوە و دەرەوەی مزگەوتەکان. دوای ئەوەی دوێنێ ئەوقافی دهۆک رایگەیاند: دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان کەم دەکرێتەوە، یەکێتی زانایانی کوردستان وەڵامی دایەوە و وتی، ئەوەی دەنگی بانگی بەدڵ نەبێت با دەست بە گوێکانیەوە بگرێت.

The post ئەوقافی دهۆک: دەنگی بانگی مزگەوتەکان رێکدەخەینەوە، کەمی ناکەینەوە appeared first on تۆڕی میدیایی خەڵک.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (خەڵک میدیا)