بەغدا ـ INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری تەندروستی عەبدولحسێن موسەوی، دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پلانی پاڵپشتیی پزیشکیی بەپەلەی تایبەت بە زیارەتی دەیەمی موحەڕەمی ڕاگەیاند.
موسەوی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: "دەستکراوە بە جێبەجێکردنی پلانی پاڵپشتیی پزیشکیی بەپەلەی تایبەت بە زیارەتی دەیەمی موحەڕەمی ساڵی 1448ی کۆچی"، هاوكات ڕێنمایی دا بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و خستنەگەڕی گشت هەوڵەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان بۆ زیارەتکاران.
ڕوونی کردەوە کە "پلانەکە، کە لەلایەن وەزارەتەوە و بە هاوکاری نێوان بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان و خزمەتگوزارییە پزیشکییە بەپەلەکان لە وەزارەت و فەرمانگەکانی تەندروستی لە بەغدا و پارێزگاکان، و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و عاتەبە پیرۆزەکان ئامادەکراوە، بڵاوکردنەوەی مەفرەزە پزیشکییەکان و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) لەسەر ڕێگاکانی هاتوچۆی زیارەتکاران، و پاڵپشتیکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان لە کەربەلای پیرۆز بە ستاف، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لەخۆدەگرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئاستی ئامادەیی بەشەکانی فریاکەوتن بەرزکراوەتەوە و دەرمان، خوێن و بەرهەمەکانی دابینکراون، لەگەڵ بەهێزکردنی ڕێکارەکانی چاودێریی تەندروستی و بەدواداچوونی پەتاکان، هاوشان لەگەڵ چڕکردنەوەی هەماهەنگی لە نێوان لایەنە پاڵپشتەکان بۆ مسۆگەرکردنی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ هەر دۆخێکی نەخوازراو یان بەپەلە".