بەغداد – INA – ئامنە سەلامی
ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی فیدراڵی، ئەمڕۆ شەممە، چارەنووسی دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ کارمەندانی گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانە لە فەرمانگە حکومییەکاندا ڕوونکردەوە، هاوکات ئاماژەی بە میکانیزمی پەسەندکراوی دامەزراندنەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ دەقێکی یاسایی نییە کە دوای ماوەیەکی دیاریکراو لە خزمەت، دامەزراندنی هەمیشەیی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببەخشێت.
فازڵ عەبدولزەهرە غەراوی، وتەبێژی ئەنجومەنەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ کارمەندانی گرێبەست یان کرێکارانی ڕۆژانە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و تەنها بەهۆی ماوەی خزمەتەکەیانەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو ئەم پرۆسەیە ملکەچی یاسا کارپێکراوەکان، یاساکانی بودجەی گشتی، و ئەو ڕێنماییانەیە کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە دەردەچن".
غەراوی ڕوونکردنەوەی دا کە "حکومەتەکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندین بڕیاریان بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی گرێبەستەکان و کرێکارانی ڕۆژانە پەسەند کردووە، ئەوەش بەپێی بەردەستبوونی پلەی وەزیفی و تەرخانکردنی دارایی ".
وتیشی: "لە لەپێشینەیی دامەزراندندا زۆربەی کات ماوەی خزمەتی ڕاستەقینە ڕەچاو دەکرێت، بۆیە ئەولەویەت بۆ ئەو کەسانەیە کە ساڵانی خزمەتی درێژخایەنیان هەیە، وەک ئەو کارمەندە گرێبەستانەی کە خزمەتەکەیان گەیشتووەتە ١٠ ساڵ یان زیاتر. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە دەقێکی یاسایی جێگیر هەبێت کە ڕاستەوخۆ دوای ماوەیەکی دیاریکراو مافی دامەزراندنی هەمیشەیی ببەخشێت، چونکە لەوانەیە لە هەر بودجەیەک یان بڕیارێکی حکومیدا ماوەیەک دیاریبکرێت کە جیاواز بێت لەو ماوانەی لە یاسا یان بڕیارە حکومییەکانی دیکەدا جێگیرکراون".
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی کە لە دامەزراوە حکومییەکاندا بە ناونیشانی (کرێکاری ڕۆژانە) کاردەکەن، ئاماژەی بەوە کرد: "دامەزراندنی هەمیشەیی کرێکارانی ڕۆژانە یان گۆڕینیان بۆ گرێبەست یان میلاکی هەمیشەیی، بەندە بە بڕیارە حکومییەکان و یاساکانی بودجەی ساڵانەوە، ئەمەش بە ڕەچاوکردنی پێویستی ڕاستەقینەی فەرمانگەکە، بەردەستبوونی تەرخانکردنی دارایی، و ئەو ڕێسایانەی کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دادەنرێن".