فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سێنتکۆم لە پۆستێکدا لە کەناڵی ئێکس دەستپێکردنی خولێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند.
سێنتکۆم لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی هێزەکانی بە فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتژمێر 5:15 خولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتن دەستیان بە هێرشە "بەرگرییەکانیان" کردووە لە دژی چەندین ئامانج لە ئێران.
سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە ئەم هێرشانە لە وەڵامی "کردەوەی شڕانگێزانەی بەردەوام و بێ هۆکاری ئێران" ئەنجام دەدرێن.
پاش پەیامەکەی سێنتکۆم ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی، ئیرنا، چەند تەقینەوەیەکی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس و بنکەی ئاسمانی ئەو شارە بڵاوکردەوە.
هەروەها ئاژانسەکە پشتڕاستی کردەوە هێرش کراوەتە سەر بەندەری سیریک و هەندێک لە سەرچاوە ناوخۆییەکان دەڵێن بنکەی دەریایی کۆماری ئیسلامی لەو شارە کراوەتە ئامانج.
باراک ڕاوید، پەیامنێری ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمەریکایی ڕایگەیاند هەموو ئەو ئامانجانەی هێرشیان کراوەتە سەر لە باشووری ئێران بوون و ئامانجەکان سیستەمی بەرگری ئاسمانی و ڕادار و یەکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەخۆدەگرێت.
لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکادا، بەپێی ئەو ڕاپۆرتە گشتیانەی کە لە کەناڵی وەحید ئۆنلاین بڵاوکراونەتەوە، چەند تەقینەوەیەکی بەرز لە بەندەر عەباس و ناوچەکانی دەوروبەری بیستراوە کە کاتژمێر 01:03 خولەکی بەیانی بە کاتی تاران ڕوویانداوە.