بەغداد – INA
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیران لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی چەندین بڕیاری دەرکرد؛ تێیدا سەرۆک وەزیران ڕێنمایی دا بە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنەوەی دەرفەتە وەبەرهێنانەکان لە کەرتی کارەبادا، و پێکهێنانی ئەنجومەنی کارووباری هاوبەشی عێراقی-ئۆزبەکستانی بە مەبەستی چالاککردن و پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری، بازرگانی، زانستی و تەکنیکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی چوارەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، کە تێیدا تاووتوێی گشتیی بارودۆخی وڵات کرا و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکانی ناو کارنامەی کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا و بڕیار و ڕاسپاردە پێویستەکانیان لەسەر وەرگیرا".
زەیدی جەختی لەوە کردەوە: "حکومەت پشتبەستن بە بنەمای کێبڕکێی بونیادنەر لە نێوان کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا دەکات بەبێ هیچ جیاکاری و بەدەرکردنێک "، هاوکات هۆشداریشی دا کە "وەزارەتی پەیوەندیدار بەرپرسیارێتی گرێبەستەکە دەگرێتە ئەستۆ لە حاڵەتی بوونی هەر بەدەرکردنێکدا، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی ماڵی گشتی و مسۆگەرکردنی کوالیتی جێبەجێکردن".
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕێنمایی دا بە: "سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لەسەر بنەمای پێوەرەکانی لێهاتوویی، پیشەییبوون و دەستپاکیی، بە شێوازێک کە بەشداربێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای وەزیفی و بەهێزکردنی کوالیتی ئەدای دامەزراوەیی، لەگەڵ سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی دەرفەتە وەبەرهێنانەکان لە کەرتی کارەبادا، و پێکهێنانی ئەنجومەنی کارووباری هاوبەشی عێراقی-ئۆزبەکستانی بۆ چالاککردن و پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری، بازرگانی، زانستی و تەکنیکییەکانی نێوان هەردوو وڵات".
راگهیندراوهكه ئاماژەی بەوەش کردووە کە "لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی دایە وەزیری بازرگانی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئۆزبەکستانیدا بە مەبەستی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەش بۆ هاوکاری ئابووری، بازرگانی، زانستی، تەکنیکی و کولتووری".
هەروەها هاتووە: "دەسەڵات درا بە سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان بۆ گفتوگۆکردن و واژۆکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەی هاندانی و پاراستنی وەبەرهێنان لە نێوان عێراق و ئۆزبەکستاندا، بەپێی حوکمەکانی دەستووری عێراق".
لە درێژەی راگهیندراوهكه هاتووە کە "ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی دایە وەزارەتی بازرگانی بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بە مەبەستی ڕێکخستنی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان (البطاقة التموينية)، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، و گەیشتنی بەشەخۆراکەکە بە دەست چینە هەژار و کەمدەرامەتەکان، و بەردەوامبوونی گەیشتنی پشتگیرییەکان بۆ ئەو توێژانەی شایستەن".
راگهیندراوهكه جەختی کردەوە کە "ئەنجومەنەکە دەنگی دا لەسەر پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی کە سەرۆک وەزیران لەگەڵ کادیرانی باڵای وەزارەتی نەوت لە ٢٠ی ئایاری ڕابردوودا ئەنجامی دابوو، کە پێکدێت لە داڕشتنی پلانێکی ورد و گونجاو بۆ گەیشتن بە بەرزترین توانای هەناردەکردنی نەوتی خاو، و زیادکردنی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە لە (٢٢٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ (٧٧٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش لەسەر دوو قۆناغ و لە ماوەی دوو مانگ و نیودا، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تانکەرەکانەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بۆ ئەوەی بگاتە (٤"٢٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش لەسەر سێ قۆناغ".
ئاماژە بەوەش دراوە کە "ڕاسپاردەکان پێدانی دەسەڵاتی دارایی و گرێبەستکردنی پێویست بە وەزیری نەوت لەخۆدەگرێت، و پێویستە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ گرێبەستکردن لەسەر بڕە نوێیەکان، و سەرلەنوێ خستنەگەڕی یەکەکانی FCC لە پاڵاوگەکاندا لە ڕێگەی کۆمپانیا یابانییە بەڕێوەبەرەکەوە".
هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گرێبەستکردنی وەزارەتی نەوت لەگەڵ لایەنی سووریدا؛ بە مەبەستی گواستنەوە، کۆگا کردن و مامەڵەکردن بە بڕی نەوتی خاو (نەوتی خاوی سووکی بەسرە، مامناوەند و قورس) لە ڕێگەی هەردوو بەندەری بانیاس و تەرتووس لەسەر دەریای ناوەڕاست، لەگەڵ کردنەوەی نووسینگەیەکی نوێنەرایەتی وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی هەناردەکردن لەم هێڵەوە.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای ڕێکخستنی بریکاری بازرگانی (ژمارە ٧٩ی ساڵی ٢٠١٧)ی پەسەند کرد، و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ دەنگدان لەسەری بەپێی حوکمەکانی دەستوور.
له راگهیندراوهكهدا ئهوهیش هاتووه : "ئەنجومەنەکە دەسەڵاتی دایە وەزیری داد بۆ گفتوگۆکردن و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی هاوکاری لەگەڵ لایەنی ئەرمەنستانیدا، لە بواری گواستنەوەی ئەو سزادراوانەی کە سزای بێبەشکردن لە ئازادییان (زیندانی) بەسەردا سەپێندراوە، بەپێی حوکمەکانی دەستووری عێراق".
لە کۆتایی راگهیندراوهكه هاتووە کە "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بە ئەژمارکردنی ئەو ماوەیەی کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕووداوە سەربازییە کۆتاییەکانی ناوچەکە، لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ تاوەکو ٣٠ ڕۆژ دوای هەڵگرتنی قەدەغەی گەشتی ئاسمانی، وەک عوزرێکی شەرعی و یاسایی بۆ بیانییەکان لەوەی پەیوەندیدارە بە مانەوەیان لە عێراقدا، ئەمەش بەپێی یاسای نیشتەجێبوون (ژمارە ٧٦ی ساڵی ٢٠١٧)".