نێودەوڵەتی – INA
وزارەتی تەندروستیی لوبنان، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، کە 4 کەس شەهید بوون و 127 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە 39یان لە ستافی پزیشکی، پەرستاری و کارگێڕین، بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە داگیرکەری (ئیسرائیلی) ئەنجامیدان لە دەوروبەری نەخۆشخانەی جەبەل عامیل لە سور.
لە بەیاننامەیەکی سەنتەری ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتنی تەندروستیی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی گشتی لە لوبناندا هاتووە: "ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە دوژمنی (ئیسرائیلی) لە دەوروبەری نەخۆشخانەی جەبەل عامیل لە سور دوێنێ دووشەممە 1ی حوزەیران ئەنجامیدان، بوونە هۆی شەهیدبوونی 4 کەس و برینداربوونی 127 کەسی دیکە، کە 39یان لە ستافی پزیشکی، پەرستاری و کارگێڕیی نەخۆشخانەکەن".
ههروهها ئهوهیش هاتووه کە "بریندارەکان بەمشێوەیە دابەشبوون: 4 پزیشک، 27 پەرستار و 8 فەرمانبەر، کە چواریان لە دۆخێکی مەترسیدان و لەژێر چاودێریی چڕدا چارەسەر دەکرێن"، ئاماژەشی بەوە کردووە کە "دەستدرێژییەکە بووەتە هۆی زیانی ئێجگار گەورە و قورس لە نهۆم و بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکە و گەراجی ئۆتۆمبێلەکاندا".
لە بەردەوامییدا هاتووە: "وەزارەتی تەندروستیی گشتی ستایشی ئازایەتیی بەڕێوبەرایەتی و کارمەندان دەکات کە سووربوون لەسەر هێشتنەوەی دەرگاکان بە کراوەیی و تەواوکردنی پەیامی خزمەتگوزاریی مرۆیی و تەندروستی کە نەخۆشخانەی جەبەل عامیل پێشکەشی دەکات، لەژێر قورسایی مەترسی و توندوتیژییەکی بێوێنەدا".