🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

مالکی و بارزانی جەخت لەسەر گرنگیی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی و یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان دەکەنەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/24 17:05

بەغدا – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،نووری مالکی،سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیان لەسەر گرنگیی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی و یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە پڕنەکراوەکان کردەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ڕایگەیاندوە: ئەمڕۆ ،نووری مالکی،سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا،لە نووسینگەکەی خۆی پێشوازی لە ، مەسروور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و شاندێکی یاوەری کرد.

بەگوێرەی بەیاننامەکە : لە دیدارەکەدا کۆی گەشەسەندنە سیاسییەکان و دۆخی گشتی وڵات، لەگەڵ تاوتوێکردنی سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و ڕێگاکانی بەهێزکردنیان بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی تاوتوێ کران.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چەسپاندنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حیزبی دەعوەی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشی نیشتمانی کردەوە، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە پشتگیریکردنی سەقامگیری سیاسی و بەهێزکردنی یەکپارچەیی وڵات.

هەروەک هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی بەدیهێنانی سازانی سیاسی لەنێوان هێز و پێکهاتە نیشتمانییە جیاوازەکان و، پشتبەستن بە دیالۆگ و تێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە، بە جۆرێک کە هاوسەنگی نیشتمانی بپارێزێت و متمانەی دوولایەنە لەنێوان هەموو لایەنەکان بەهێز بکات.

بەیاننامەکە روونیشیکردۆتەوە : کە لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی و یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان لە حکومەت و پابەندبوون بە ڕێککەوتن و پەیمانە سیاسییەکان و تێنەپەڕاندنیان کرایەوە، چونکە ئەوانە بنەمای بنیاتنانی هاوبەشییەکی ڕاستەقینەن کە سەقامگیری مسۆگەر دەکات و مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەپارێزێت.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا سووربوونی خۆیان لەسەر بەردەوامبوونی ڕاوێژ و هەماهەنگی چڕ لەم بارەیەوە نوێکردەوە، بۆ بەدواداچوونی گەشەسەندنەکان و هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکان بە جۆرێک کە گەرەنتی داڕشتنی هەڵوێستی هاوبەش بکات و ئەوەی پێویستە لە ڕێوشوێن و هەنگاوی ڕەوا بگیرێتەبەر کە خواستی گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەدیبهێنێت.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)