بەغدا - INA - محەمەد تالبی
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، عەون زیاب، وردەکاریی دۆخی ئاوی بەنداو و دەریاچەکانی ئاشکرا کرد و دووپاتی کردەوە کە بەنداوەکانی سەر ڕووباری دیجلە لە لێواری پڕبووندان، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە کۆگای ئاوی پێویست بۆ وەرزە کشتوکاڵییەکەی هاوین دابین دەکات.
زیاب بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ڕێژەی ئاوی بەردراو لە ڕووباری دیجلە لە ناوچەی فیشخابوور لە 2500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا تێپەڕی، کە ئەمەش ڕێژەیەکی باشە، هەروەها ئاستی کۆگای ئاو لە بەنداوی مووسڵ لە لێواری تەواوبووندایە، بەو پێیەی ئاستی سەلامەتی بۆ کۆگاکردن 319 مەترە لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە، ئەوەی دەشمێنێتەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەریاچەی سەرسار بۆ بەهێزکردنی کۆگاکەی و سوودوەرگرتن لێی لە وەرزی هاویندا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ڕووباری فورات".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "زیادبوونێکی کەم لە ڕووباری فوراتدا هەیە کە بە نزیکەی 400 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا یان کەمێک کەمتر دەخەمڵێنرێت، چونکە ئاوی بەردراو لەسەر سنووری سووریا و تورکیا لە ناوچەی جەرابلوس لە هەزار مەتر سێجا لە چرکەیەکدا تێپەڕی، ئەمەش واتای ئەوەیە سووریا بەردەوامە لە کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوی تەبقە و دەگاتە قۆناغی پڕبوونی تەواوەتی بەنداوەکە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاستی ئاوی ڕووباری فورات بەرز ببێتەوە".
ڕوونیشیکردەوە، "بەنداوی حەدیسە هێشتا بۆشاییەکی گەورەی کۆگاکردنی تێدایە کە زیاتر لە 6 ملیار مەتر سێجا تێدەپەڕێنێت، ئەمەش هیچ کێشەیەکی نییە، چونکە هەر بڕە ئاوێک بگاتە بەنداوی حەدیسە بۆ کۆگاکردن سوودی لێ دەبینرێت".
وەزیر دووپاتی کردەوە کە "بەنداوەکانی سەر ڕووباری دیجلە لە لێواری پڕبووندان، چ بەنداوی دوکان یان بەنداوی دەربەندیخان یان بەنداوی حەمرین، ئەم بەنداوە گەورانە لەگەڵ بەنداوە ناوەند و بچووکەکان، کۆگایەکی ئاوی باش دابین دەکەن کە دەرفەتی تێپەڕاندنی وەرزی هاوین بە سەلامەتی دەدات".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو کۆگای ئاوەی عێراق بەخۆیەوەی دەبینێت دەتوانێت بڕی ئاوی پێویست بۆ وەرزی کشتوکاڵی داهاتوو دابین بکات، کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ تاوتوێ دەکرێت بۆ دیاریکردنی پلەی کشتوکاڵی و پێداویستییە ئاوییەکان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "وەزارەت هەوڵی داوە وەبەرهێنان لە هەموو بڕە ئاوەکاندا بکات لە ڕێگەی کۆگاکردنیان لە کۆگاکانی سەر هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات و دەریاچەی سەرسار، هەروەها ئەو ئاوەی دەگاتە بەنداوی سامەڕا بەتایبەت لە ڕووباری عوزەیمەوە، هەروەها ئەو بارانەی دوێنێ باریوە لە بەنداوی سامەڕاوە دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی هۆر لە باشووری عێراق، لەوانەش هۆری حەوێزە و هۆری حەمار".
جەختیشی لە "بوونی بوژانەوەیەکی ڕێژەیی لە ناوچەکانی هۆر" کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە "ناوچەی هۆڕەکان بوژانەوەی ئاوی بەخۆوە دەبینێت و گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ناوچەکانی چەباییش و هۆری حەوێزە دەکەن، جگە لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک ناوچەدا بە بڕی 2 مەتر لە ئاستی پێشوو، کە ئەمەش کۆگایەکی باشە".