🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

موسەنا سامەڕایی خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ڕادەگەیەنێت

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2025/12/29 03:40

بەغدا – INA موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، ئەمڕۆ دووشەممە، خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیاند، هاوکات جەختی کردەوە کە هیچ کاندیدێک نوێنەرایەتی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی ناکات بەبێ ڕەزامەندی و تەبایی پێکهاتەکانی.سامەڕایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA ) ئامادەی بووە، ڕایگەیاند: "دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران و دەسپێکردنی دانیشتنی یەکەم لە ئەمڕۆ دووشەممەدا، کە بەپێی یاسا تێیدا سەرۆک و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن، ڕاگەیاندنی پێکهێنانی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی وەک نوێنەری پێکهاتەی سوننە، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سیاسی و پەیڕەوێکی ناوخۆ بووە کە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان و پارتە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنەوە واژۆ کراوە."وتیشی: "لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە قۆناغی ڕابردوودا، بە هەموو شێوەیەک هەوڵماندا نەکەوینە ناو ململانێ و کێبڕکێی سیاسییەوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر خزمەتکردنی هاوڵاتیان هەبێت، و سوور بووین لەسەر ئەوەی وەڵامی هیچ وتە و کێبڕکێیەک نەدەینەوە کە لە نێوان ئێمە و کوتلەکاندا ڕوویدا، و دەستی هاوکاری و برایەتیمان بۆ هەمووان درێژ کرد بە مەبەستی خزمەتکردنی پێکهاتەکە و وڵات"، ڕوونیشیکردەوە کە "پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی بە بڕگەی دیاریکراو ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت هەموو بڕیارەکان بە تەبایی (توافق) بێت لە نێوان سەرجەم ئەو قەوارانەی ئەنجومەنەکەیان پێکهێناوە."ئاماژەی بەوەش کرد: "هەر کاندیدێک کە ڕاگەیەندراوە، نوێنەرایەتی ئیرادەی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی ناکات، و ڕەنگە ئەوەی ڕاگەیەندراوە تەنها کاندیدی هەندێک لەو پارتانە بێت کە لەناو ئەنجومەنەکەدان، ئەمەش لە کەشێکی دیموکراسیدا مافێکی سروشتی خۆیانە"، جەختیشی کردەوە کە "هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی ئێمە، پێشکەشکردنی خۆمان وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەممەدا ڕادەگەیەنێت."سامەڕایی هیوای خواست کە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی لە دانیشتنی ئەمڕۆدا یەکلایی بکرێتەوە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)