ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت وڵاتەکەی بەڕاستی دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی وزە لە ئێران، بەڵام ئەمەریکا لە ئێستادا ڕێگە بە ئیسرائیل نادات هێرشی لەو شێوەیە ئەنجام بدات.

کاتز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14ی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە، نیگەرانی واشنتنی لە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی ئێران و هێرشی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و دروستبوونی قەیرانی جیهانی لە بازاڕی نەوتدا بە هۆکاری ئەم ڕێگریکردنەوە ناو برد.

ئیسرائیل کاتز هەروەها ئاشکرای کرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە ئیسرائیلەوە فڕیون بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا.

ئاماژەی بەوەشکرد ئێران ئاگاداری ئەمەیە، بەڵام وەک ڕێگرییەک تەقە لە هەر شتێک لە ناوچەکە دەکات جگە لە ئیسرائیل.

کاتز هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل ئەوا ڕووبەڕووی وەلامێکی بە‌هێز و یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.

وتیشی "ئێمە پێشتر دوو جار هێرشمان کردووەتە سەر ئێران و ئامادەین بۆ جاری سێیەمیش هێرش بکەین."