بەغدا - INA

سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایشی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کردەوە.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌کە "سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازی لە شاندی دانوستانکاری بەردەوام بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئەندامانی لیژنەی ڕێنماییکار کرد، کە تێیدا دواپێشهاتەکانی دۆسیەی کەشوهەوا و هەنگاوە پێویستەکان بۆ بەرزکردنەوەی توانای عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە ژینگەیییەکان تاوتوێ کران".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌ "لە کۆبوونەوەکەدا، کە وەزیری ژینگە، سروە عەبدولواحید ئامادەی بوو، بارودۆخی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ڕێگەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیدا تاوتوێ کران"، جەختیشی کردەوە کە "ئەم دیاردەیە بووەتە تەحەدییەک کە پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی نیشتمانیی گشتگیر هەیە"، ئاماژەی بە "پێویستیی پەرەپێدانی میکانیزمی کاریگەر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانیدا کرد، سەرەڕای پەسەندکردنی سیاسیەتی تەواوکاری بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو و پاراستنی کەرتی کشتوکاڵ و سەرجەم سەرچاوە سروشتییەکان".

ڕاگەیەندراوەکە "گرنگیی هەماهەنگیکردنی هەوڵەکان لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و بەرفراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا ڕوونکردەوە، بەجۆرێک کە پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی پابەندبوونی ژینگەیییەکانی عێراق بکات و توانای لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە داهاتووەکاندا بەهێز بکات".

لە لایەن خۆیانەوە، ئەندامانی شاندەکە کورتەیەکیان لەسەر بەڕێوەچوونی گەڕەکانی دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی کەشوهەوا و ئەولەوییەتەکانی عێراق لە گەڕەکانی داهاتوودا پێشکەش کرد، سەرەڕای ئەو هەنگاوانەی کە نراون بۆ زیاترکردنی دەرفەتەکانی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی تەکنیکی و دارایی بۆ پروژە ژینگەیییەکان، هاوکات پێزانینی خۆیان بۆ گرنگیدانی سەرۆک کۆمار و پاڵپشتیکردنی لەو هەوڵانە ڕاگەیاند کە ئامانجیان چەسپاندنی ئامادەیی عێراقە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە تایبەتەکان بە کەشوهەوا.