بەغدا - INA
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زهیدی، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە لەسەر بوونی ڕووبەرێکی بەرفراوان لە نێوان عێراق و تورکیادا بۆ دامەزراندنی گرنگترین شەراکەتی ئابووری لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق ڕێگەی سەقامگیری، چاکسازی و گەشەپێدانی هەڵبژاردووە، و کارنامەی پێشینەییەکانی ڕێکخستووە بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی بەهێز و دەوڵەتێکی کارا.
سەرۆک وەزیران لە وتارێکدا کە ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی بڵاوی کردووەتەوە، ههروهها له ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا تەنها لە گۆشەی ئەو دۆسیانەوە دەبینرا کە پێویستیان بە بەڕێوەبردن بوو؛ ئاسایش، ئاو، بازرگانی و جووڵەی سنوورەکان."
ههروهها ئهوهیش وت : "ناوچەکەمان ئەمڕۆ لە بەردەم دەرفەتێکی جیاوازدایە، کە پێویست دەکات بە چاوێکی پڕ لە ئامانج و سەربەرزانەترەوە سەیری داهاتوو بکەین،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "پرسیارەکە ئیتر ئەوە نییە چۆن ڕووبەڕووی ئاڵۆزییە هاوبەشەکان ببینەوە، بەڵکو ئەوەیە چۆن بیانگۆڕین بۆ دەرفەتێک کە خۆشگوزەرانی بۆ هەردوو گەلی عێراقی و تورکی بێنێتە ئاراوە."
ڕوونیشی کردەوە کە "عێراق ڕێگەی سەقامگیری، چاکسازی و گەشەپێدانی هەڵبژاردووە، و کارنامەی پێشینەییەکانی لەسەر بنەمای بونیادنانی ئابوورییەکی بەهێز، دەوڵەتێکی کارا، و پەیوەندییە دەرەکییە هاوسەنگەکان ڕێکخستووە کە هاوکاری هەرێمی دەکاتە کۆڵەکەیەک بۆ گەشەسەندن."
ئەوەشی خستەڕوو کە "تورکیا خاوەنی بنکەیەکی پیشەسازیی پێشکەوتوو، پێگەیەکی ستراتیژی، و ئەزموونێکی بەرفراوانە لە بوارەکانی ژێرخان، وەزە و گواستنەوەدا،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "تواناکانی هەردوو وڵات پێکەوە تەنها سنوورێکی هاوبەش نین، بەڵکو ڕووبەرێکی بەرفراوانن بۆ بونیادنانی یەکێک لە گرنگترین شەراکەتە ئابوورییەکان لە ناوچەکەدا."
زهیدی لە وتەکەیدا ئهوهیشی وتی: "جیهان دووبارە نەخشەی بازرگانی و زنجیرەکانی دابینکردن دەکێشێتەوە، و ڕێڕەوە ئابوورییەکان بوونەتە ڕەگەزێکی سەرەکی لە ڕکابەری نێودەوڵەتیدا."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "عێراق و تورکیا خاوەنی دەرفەتێکی مێژوویین بۆ گۆڕینی پێگە جوگرافییەکەیان بۆ بەهایەکی ئابووری، کە بیانکاتە ئاڵقەی بەستنەوەی نێوان کەنداو، ئاسیا و ئەوروپا."
ههروهها جهختیشی لهوه كردهووه كه "ڕێگەی گەشەپێدان تەنها پڕۆژەیەکی عێراقی نییە، بەڵکو هەرێمییە و چەمکی بەستنەوەی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارە پێناسە دەکاتەوە،" ڕوونیشی کردەوە کە "ڕێگەی گەشەپێدان تەنها کات بۆ گواستنەوەی کەلوپەل کەم ناکاتەوە، بەڵکو شارۆچکەی نوێ، ناوچەی پیشەسازی، دەرفەتی وەبەرهێنان، و هەزاران دەرفەتی کار دروست دەکات، و دەمارێکی ئابووری نوێ بە ناوچەکە دەبەخشێت کە بەندەرەکان بە بازاڕە جیهانییەکانەوە دەبەستێتەوە."
ئهوهیش وت "ئاسایشی عێراق و ئاسایشی تورکیا پێویستیان بە هاوکارییەکی تۆکمەیە لەسەر بنەمای ڕێزی سەروەریی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوانی ڕێکخراو، چونکە گەشەپێدان تەنها لە سایەی ئاسایشدا گەشە دەکات."
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە "ئاو ئیتر تەنها دۆسیەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بووەتە دۆسیەیەکی گەشەپێدان کە دەست دەبات بۆ داهاتووی ملیۆنان هاووڵاتی."
ئاماژەی بەوەش کرد: "چاوەڕێی بەڕێوەبردنی هاوبەشی دۆسیەی ئاو دەکەین لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵا، هاوکاری زانستی، و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا نوێیەکاندا، بە شێوەیەک کە ئاسایشی ئاو و خۆراک بۆ گەلەکانمان دەستەبەر بکات،" جەختیشی کردەوە کە "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە چیرۆکی سەرکەوتنی نوێ هەیە، و عێراق و تورکیا توانای پێشکەشکردنی یەکێک لەم چیرۆکە گرنگانەیان هەیە، ئەگەر سەرکەوتوو بن لە تێپەڕاندنی قۆناغی هاوکاری نەریتی بۆ قۆناغی تەواوکاریی ڕاستەقینە."
ئەوەشی خستەڕوو کە "هەر وەبەرهێنانێکی هاوبەش، و هر کارگەیەکی نوێ، هێڵی گواستنەوە و پڕۆژەیەکی وەزە، دەبێتە وەبەرهێنان لە سەقامگیری تەواوی ناوچەکەدا،" ڕوونیشی کردەوە کە "سەقامگیری بە ململانێکان بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو بە پڕۆژەی هاوبەش دروست دەبێت، و بە ڕکابەری نێوان دراوسێکان دروست نابێت بەڵکو بە تەواوکاری لە نێوانیاندا."

