بەغدا - INA

دەستەی راگه‌یاندن و گەیاندنی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، تەواوبوونی ئامادەکارییە تەکنیکی و ڕێکخستنییەکانی بۆ ڕێوڕەسمی چله‌ی ئیمام حوسێن (س) ڕاگەیاند؛ لەو چوارچێوەیەشدا ٤٨ تیپی تەکنیکی و ١٨٥ پشکنەری بۆ چاودێریکردنی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و گەیاندن جێگیر کردووە.

دەستەکە لە لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ "پلانی ئەمساڵ بە مەبەستی بەهێزکردنی ژێرخانی کەرتی گەیاندن، دەستەبەرکردنی بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی کارایی تۆڕەکانە لە هەموو دەروازە سنوورییەکان و ئەو پارێزگایانەی چڕیی سەردانکەرانیان تێدا بەدی دەکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پلانەکە بڵاوکردنەوەی تیپی تەکنیکیی پسپۆڕ لە دەروازە سنوورییە وشکانی و ئاسمانییەکان دەگرێتەوە بۆ دەرکردنی مۆڵەتی کاتی بۆ ستافە ڕۆژنامەوانییەکان و چاودێریکردنی هێڵەکانی گەیاندن. تیپەکان بەسەر پێنج دەروازەی وشکانی (شەڵامجە، شەیب، زرباتییە، مەنزرییە و سەفوان) و چوار فرۆکەخانەدا (بەغدا، نەجەف، بەسڕە و کەرکووک) دابەش کراون، تاوەکو ڕێکارەکان بە خێرایی بەڕێوە بچن.

لە تەوەرێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو لە، لە چوارچێوەی چاودێریی مەیدانی بۆ ئاستی تۆڕەکان، ٤٨ تیپی تەکنیکی کە لە ١٨٥ پشکنەر پێکهاتوون لە پارێزگا پەیوەندیدارەکاندا جێگیر کراون، تاوەکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ ئاماژەرەکانی کوالێتی بکن و وەڵامی خێرای هەموو ئەو ئاستەنگانە بدەنەوە کە ڕەنگە تووشی تۆڕەکان ببنەوە.

دەستەکە باسی لەوەش کردووە پێنج ئۆتۆمبێلی تەکنیکیی تایبەتمەند و پێنج ئامێری پێوانی هاوچەرخ بۆ بەدواداچوونی مەیدانی لە هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا دابین کراون، بە مەبەستی ڕاگرتنی کوالێتیی بەرزی خزمەتگوزارییەکان.

لە کۆتاییدا دەستەی راگه‌یاندن و گەیاندن جەختی لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی پەیوەندی کردووەتەوە؛ ڕاشیگەیاندووە بەدواداچوونی تەکنیکی بە شێوەیەکی شەوانەڕۆژی بەردەوام دەبێت تاوەکو ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارامی گەیاندن بۆ ملیۆنان سەردانکەر دەستەبەر بکەن.