بەدواداچوون – INA
لە پەرەسەندنێکی زانستیدا کە ڕەنگە داهاتووی چارەسەرکردنی نەخۆشیی بڵەکی دووبارە نەخشەبکێشێتەوە، توێژەران لە ژاپۆن گەیشتنە ئەوەی کە ئەو خانانەی بەرپرسن لە ڕەنگی پێست نامرن یان نافەوتێن وەک ئەوەی پێشتر باوەڕ وابوو، بەڵکو دەچنە دۆخێکی سستییەوە کە وایان لێدەکات نەتوانن ماددەی ڕەنگاوڕەنگی مەیلانین بەرهەم بهێنن.
توێژینەوەکە دەریخست کە ئەم خانانە دەگەڕێنەوە دواوە بۆ دۆخێکی کەمتر پێگەیشتوو، بەمەش تایبەتمەندی و ئەرکی سەرەکیی خۆیان لە بەرهەمهێنانی ڕەنگدا لەدەست دەدەن، و ئەمەش هۆکاری دەرکەوتنی لەکە سپییەکان لای تووشبووانی نەخۆشییەکە ڕوون دەکاتەوە.
لێنگ لی یانگ، توێژەر لە زانکۆی ئۆساکا، ڕایگەیاند کە ئەم دۆزینەوەیە ڕوونکردنەوەیەکی نوێ بۆ میکانیزمی پەرەسەندنی بەڵەکی پێشکەش دەکات، و ڕەنگە بەشداری بکات لە گۆڕینی شێوازە چارەسەرییە پەیڕەوکراوەکانی ئێستا، لە ڕێگەی سەرنجخستنەسەر چالاککردنەوەی خانەکانەوە لە بری تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی هەوکردنەکان.
تیمی توێژەرەکە ڕوونیانکردۆتەوە کە خانە ڕەنگاوڕەنگەکان پێویستیان بە بەستنەوە بە پەردەی بنەڕەتیی دەوروبەریانەوە هەیە بۆ پاراستنی چالاکیی سروشتییان، و ئەمە بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی پرۆتینی ناسراو بە لامينين-211 ڕوودەدات. بەڵام توێژینەوەکە تێبینیی بەرزبوونەوەی لە ئاستی پرۆتینێکی تردا کرد کە بریتییە لە لامينين-332 لای تووشبووان بە بەڵەکبون، ئەمەش شێوازی بەستنەوەی خانەکان بە پەردەکەوە دەگۆڕێت، و زنجیرەیەک نیشانەی بایۆلۆجی دەردەکات کە دەیانباتە دۆخی سستییەوە و توانای بەرهەمهێنانی مەیلانین لەدەست دەدەن.
لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا کە لەسەر مشک و نموونەی پێستی مرۆڤ ئەنجام دران، توێژەران سەرکەوتوو بوون لە چالاککردنەوەی ئەم خانانە بە بەکارهێنانی دەرمانێک کە ئامانجی ئەو ڕێڕەوە بایۆلۆجییانەیە، کە ئەمەش بووە هۆی گەڕاندنەوەی چالاکیی جینە بەرپرسەکان لە ڕەنگدانەوە و گەڕانەوەی خانەکان بۆ ئەنجامدانی بەشێکی گەورەی ئەرکە سروشتییەکانیان.
پرۆفیسۆر "ئيتشيرو كاتاياما"یەکێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکە، ڕایگەیاند کە ئەنجامەکان ڕەنگە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە چارەسەرکردنی بەڵەکی، چونکە زۆرینەی چارەسەرەکانی ئێستا سەرنج دەخەنە سەر کپکردنەوەی چالاکیی سیستمی بەرگری و کەمکردنەوەی هەوکردن، لە کاتێکدا ئەنجامە نوێیەکان ئاماژە بە دەرفەتی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە دەدەن لە ڕێگەی گەڕاندنەوەی چالاکیی خانە ڕەنگاوڕەنگەکان خۆیان یان گەڕاندنەوەی بەستنەوە سروشتییەکەیان بە پەردەی بنەڕەتییەوە.
توێژەران پێیان وایە کە ئەم ڕێبازە ڕەنگە ڕێخۆشکەر بێت بۆ پەرەپێدانی چارەسەری کاریگەرتر کە ئامانجی هۆکارە بایۆلۆجییە ڕاستەوخۆکەی لەدەستدانی ڕەنگی پێست بێت، لە بری تەنها سەرنجخستنەسەر کۆنتڕۆڵکردنی وەڵامدانەوەی بەرگریی نەخۆشییەکە.

