هەولێر - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،پابەندبوونی هەرێمی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە گەندەڵییەک دووپاتکردەوە و بەڵێنیدا ئاسانکاریی پێویست پێشکەش بکات و هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمدا بکات بۆ پێشوەبردنی هەوڵەکانی بنەبڕکردنی گەندەڵی.

لە بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتیی حکومەتدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: کە "مەسرور بارزانی" پێشوازی لە ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم کرد،و لە دیدارەکەدا سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی دەستەکە لە ماوەی ڕابردوودا خستەڕوو.

وەک بەیاننامەکە خستۆتیەڕوو: لەدیدارێکدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستاندا، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کۆتاییهێنان بە بەفیڕۆدانی سامان و دارایی گشتی.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە : بارزانی لە دیدارەکەدا جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم شێوازەکانی گەندەڵی و دووپاتیشیکردەوە کە حکومەت ئامادەیە هەموو ئاسانکارییەکی پێویست پێشکەش بکات و هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکیدا بکات، بە ئامانجی پێشڕەویكردن لە هەوڵەکانی بنەبڕکردنی گەندەڵیدا.