بەدواداچوون - INA

عەباس عێراقچی،ڕایگەیاند کە تاران بە ئامانجگرتنی پێگە و ئامانجە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا بە بەشێک لە مافی بەرگریی ڕەوای دەزانێت.

عێراقچی،لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دۆخی ئەمڕۆ هاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە لە کاتی جەنگی چل ڕۆژەدا هەبوو، لەو کاتەی ئێران بنکە و دامەزراوە ئەمریکییەکان و شوێنەکانی جێگیرکردنی هێزەکانی کردە ئامانج.

لە دۆسیەی گەرووی هورمزدا، ئاماژەی بەوەدا کە مادەی پێنجەمی لێکتێگەیشتنی ئیسلاماباد ڕوونە و جەخت لەسەر کردنەوەی گەرووەکە دەکاتەوە لە ماوەی یەک مانگدا، بە مەرجێک ئێران ڕێڕەو و میکانیزمەکە دیاری بکات بە شێوازێک کە هاتووچۆ بۆ ئاستی پێش جەنگ بگێڕێتەوە.

عێراقچی ،ئەوەشی خستەڕوو کە هیچ ڕێڕەوێکی جیاکاری ئەمریکی لەگەڵ ئەم مادەیەدا یەکناگرێتەوە.

هەروەك ئاماژەی بە پەیوەندییە بەردەوامەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کرد و جەختی کردەوە کە ئێران دوژمنایەتییان ناکات، بەڵام نیگەرانە لەوەی واشنتۆن تواناكانی هەندێک لەو وڵاتانەی دژی ئێران بەکارهێناوە لە کاتی جەنگدا و ڕاشیگەیاند کە ئامادەییەکی نوێ هەیە بۆ گفتوگۆ و بنیاتنانی متمانە دوای هێوربوونەوەی گرژییەکان.