بەدواداچوون - INA
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی،سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند کە ڕووسیا داوای 30 هەزار سەربازی تری لە کۆریای باکوور کردووە بۆ ئەوەی لە جەنگدای دژی ئۆکرانیا یارمەتی بدەن.
زێلێنسکی،لە پلاتفۆرمی (X) نووسیویەتی: لە مانگی حوزەیرانەوە ڕووسیا دەیەوێت 30 هەزار سەربازی تری کۆریای باکوور رابکێشێتە ناو جەنگەکە،و ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیلێکردنیان لە ناوچەی ڤۆرۆنیجی ڕووسی" کە دەکەوێتە سەر سنووری ئۆکرانیا.
زێلێنسکی،ئەوەشی خستەڕوو کە کۆریای باکوور خۆی ئامادە دەکات بۆ گواستنەوەی سەکۆی زیاتری هەڵدانی مووشەکی بالیستی بۆ ڕووسیا، و ئاماژەی بە لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە کرد بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ڕوونیشیکردەوە: ئەم بابەتە تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر ئۆکرانیا، بەڵکو ڕووسیا یارمەتی کۆریای باکوور دەدات بۆ فێربوونی شێوازی جەنگکردن،و باشترکردنی چەکەکان و بەدەستهێنانی ئەزموونی واقعی جەنگی لە بەکارهێنانیانیدا، کە هەموو ئەمانە هەڕەشەن بۆ سەر هەموو ئەوانەی کە لە ئاسیا لە ناوچەی مەودای مووشەکەکانى کۆریای باکووردان.
ئەم لێدوانەی"زێلێنسکی"پاش چەند ڕۆژێک دێت لە سەردانەکەی چۆی سون هوی، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور بۆ مۆسکۆ.
دوای کۆبوونەوەکەی سون هوی، لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕووسییەکەی، دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمی پیۆنگ یانگ، بڵاوی کردەوە کە هەردوو وڵات دووبارە جەختیان کردۆتەوە لەسەر ئیرادەی سیاسیی پتەویان بۆ پەرەپێدانی ڕێڕەوی پەیوەندییە دوو لایەنەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە سەرجەم بوارەکاندا.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکووریش ڕایگەیاند: کۆریای باکوور پشتگیریی نەگۆڕی خۆی بۆ سەرجەم سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕووسیا دەربڕی بۆ نەهێشتنی هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئۆکرانیا و بەرگریکردن لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی رووسیا.

