هەمەڕەنگ – INA

پپسپۆڕانی تەندروستی ئاشکرایان کردووە کە پشکنینێکی پزیشکیی سادە ڕەنگە ئاماژەی گرنگ سەبارەت بە تەندروستیی مێشک پێشکەش بکات، دوای ئەوەی توێژینەوەکان دەریانخستووە کە پشتگوێخستنی کێشەیەکی تەندروستیی باو ڕەنگە پەیوەست بێت بە زیاتربوونی ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە (زهایمەر).

توێژینەوەکان ئاماژە بە بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان تەندروستیی بیستن و تواناکانی درکپێکردندا دەکەن، چونکە لاوازیی بیستنی چارەسەرنەکراو یەکێکە لە دیارترین ئەو هۆکارە دەستکاریپێکراوانەی پەیوەستن بە پاشەکشەی بیرگە و بیرکردنەوەوە. توێژینەوەکانی توێژەرانی زانکۆی جۆنز هۆپکینز دەریانخستووە ئەو کەسانەی تووشی لەدەستدانی بیستنی سەخت و چارەسەرنەکراو بوون، ڕەنگە ئەگەری تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە پێنج ئەوەندە زیاتر بێت بەراورد بەوانەی بیستنێکی ئاساییان هەیە.

بەپێی ئەنجامەکان، لاوازیی بیستن پەیوەستە بە ئاستی جیاوازی بەرزبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە:

· لەدەستدانی بیستنی سووک: ڕەنگە مەترسیی تووشبوون دوو بەرامبەر بکاتەوە.

· لەدەستدانی بیستنی ناوەند: ڕەنگە مەترسییەکە بۆ سێ بەرامبەر بەرز بکاتەوە.

· لەدەستدانی بیستنی سەخت: ڕەنگە مەترسییەکە بۆ پێنج بەرامبەر بەرز بکاتەوە.

توێژەران ڕوونیان کردووەتەوە کە تەنانەت لاوازیی بیستنی بچووکیش، وەک زەحمەتی لە بیستنی دەنگە نزمەکان یان بەدواداچوونی قسەکردن لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا، ڕەنگە فشارێکی زیادە بخاتە سەر مێشک. چونکە کاتێک بیستن لاواز دەبێت، مێشک توانایەکی زیاتر دەخاتە گەڕ بۆ تێگەیشتن لە دەنگەکان، کە ئەمەش ڕەنگە ئەو سەرچاوە و توانایانە کەم بکاتەوە کە بۆ بیرگە، پلان دانان و بیرکردنەوە بەکاریان دەهێنێت.

هەروەها ڕەنگە لەدەستدانی بیستن ببێتە هۆی کەمبوونەوەی کارلێک و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، بەهۆی زەحمەتی لە بەدواداچوونی گفتوگۆکاندا، کە ئەمەش ڕەنگە ئەگەری گۆشەگیری زیاتر بکات کە خۆی لە خۆیدا پەیوەستە بە پاشەکشەی تواناکانی درکپێکردنەوە.

یەکێک لە توێژینەوەکان بۆی دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی ئامێرەکانی یارمەتیدەری بیستن (سەمەعە) لەلایەن بەساڵاچووانێکەوە کە زیاتر لەبەر مەترسیی تێکچوونی درکپێکردندان، یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی پاشەکشەی لێهاتووییەکانی بیرکردنەوە و بیرگە بە ڕێژەی ٤٨٪ لە ماوەی سێ ساڵدا.

هەروەها پێداچوونەوەیەکی توێژینەوەیی کە لە گۆڤاری JAMA Neurology بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە بەکارهێنانی ئامێرەکانی یارمەتیدەری بیستن و چاندنی لوولپێچی گوێ پەیوەست بووە بە دابەزینی مەترسیی تێکچوونی درکپێکردنی درێژخایەن بە ڕێژەی ١٩٪.

سەرەڕای پەیوەندیی لاوازیی بیستن بە زیاتربوونی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە، پپسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە لەدەستدانی بیستن مەرج نییە بە مانای تووشبوون بێت بە نەخۆشییەکە، چونکە تەندروستیی مێشک بە چەندین هۆکار کاریگەریی سەر دەبێت، بەڵام دۆزینەوەی زووی کێشەکە و چارەسەرکردنی ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی تواناکانی ئاوەز و مێشک.

دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییە نیشتمانییەکانی بەریتانیا (NHS) ئامۆژگاری دەکات بە پەیڕەوکردنی چەند هەنگاوێک بۆ پاراستنی تەندروستیی گوێ، لەوانە:

· کەمکردنەوەی ئاستی دەنگ لە ئامێرەکاندا بۆ دەوروبەری ٦٠٪ی ئەپەڕی ئاستی دەنگ.

· دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دارە لۆکەییەکان لەناو کەناڵی گوێچکەدا.

· پۆشینی قاڵبی گوێ لەو شوێنانەی دەنگی بەرزیان تێدایە وەک ئاهەنگە مۆسیقییەکان.

· وشککردنەوەی گوێچکەکان بە باشی دوای مەلەکردن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی هەوکردن.

دەستە پسپۆڕەکانی چاودێریی بیستن ڕێنمایی دەکەن بە ئەنجامدانی پشکنینی خولیی لەلایەن پسپۆڕی بیستنەوە، بەتایبەتی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، بۆ دۆزینەوەی پێشوەختەی هەر گۆڕانکارییەک.

ژمارەی جارەکانی پشکنینی بیستن بەپێی تەمەن و هۆکارەکانی مەترسی دەگۆڕێت، بەڵام ڕێنماییە گشتییەکان بۆ پێگەیشتووانی تەندروست بریتین لە:

· لە ١٨ بۆ ٤٠ ساڵ: هەر سێ بۆ پێنج ساڵ جارێک.

· لە ٤٠ بۆ ٦٠ ساڵ: هەر ساڵێک بۆ سێ ساڵ جارێک.

· دوای تەمەنی ٦٠ ساڵی: ساڵی جارێک.

باشتر وایە پشکنینی ساڵانە یان زیاتر ئەنجام بدرێت کاتێک هۆکارەکانی مەترسی بەردەست بن، وەک بەرکەوتنی بەردەوام بە دەنگی بەرز، یان بوونی مێژووی خێزانی بۆ لەدەستدانی بیستن، یان تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ، یان دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک زەنگی گوێ (تەنین)، گێژبوونی سەر، و زەحمەتی لە بەدواداچوونی گفتوگۆکاندا.

سەرچاوە: ئاژانسەکان