پرسەکانی بەرگری و سیاسەتی دەرەوە و بودجە بۆ دامەزراوەکانی حکومەت گرنگترین کارنامەی کۆنگرێسی ئەمەریکا بوون لەم هەفتەیەدا. یاسادانەران لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و سینات بودجەی پنتاگۆن و جەنگی ئێران و خەرجییەکانی حکومەتیان تاوتوێکرد.
سەرەتای هەفتە، لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەوە بۆ دانانی ڕێکاری یاسایی بۆ تاوتوێکردنی بودجەی بەرگری بۆ ساڵی داهاتوو. بەڵام ڕێبەرایەتی ئەنجوومەن تەنها بە بودجەی پێنتاگۆن نەوەستانەوە، بەڵکو چەند پرۆژەیاسایەکی گرنگی تری خستە کارنامەوە، لەوانە بودجەی تەواوکاری بۆ وەزارەتی جەنگ و دابیکردنی خەرجییەکانی حکومەت هەتا سەرەتای مانگی دوازدە.
لە سینات گرنگترین دانیشتنی هەفتە لە لیژنەی دابینکردنی بودجە ئەنجامدرا، کە تێیدا وەزیری جەنگ پیت هێگسێت و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا جەنەراڵ دان کەین بەرگرییان لە داواکاری ئیدارەی سەرۆک ترامپ کرد بۆ دابینکردنی زیاتر لە 60 ملیار دۆلار بودجەی تەواوکاری بۆ وەزارەتەکە.
هێگسێت بە سیناتۆرانی وت کە تێچووی جەنگی ئێران هەتا کۆتایی مانگی نۆ دەگاتە زیاتر لە 37 ملیار دۆلار. بە وتەی ئەو، ئەم بودجە تەواوکارییە پێویستە بۆ جێگرتنەوەی ئامرازە سەربازییە بەکارهاتووەکان و ئامادەباشیی هێزەکان بۆ هەڕەشەکانی داهاتوو.
بەڵام یاسادانەرانی هەردوو پارتەکە پرسیاریان ئاراستەی وەزارەتی جەنگ کرد دەربارەی پێویستی بودجەی نوێ لە کاتێکدا پێنتاگۆن هێشتا پارەی پەسەندکراوی کۆنگرێسی لەبەردەستە. ئەندامانی سینات داواشیان لێ کرد کە ستراتیژی درێژخایەنی حکومەت لە جەنگی ئێران و پێوانەکانی سەرکەوتن ڕوون بکاتەوە.
لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆمارییەکان توانییان پرۆژەیاسای بودجەیەکی تەواوکاری بە بڕی 95 ملیار دۆلار پەسەند بکرێت، کە دەیان ملیار دۆلاری بۆ پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران تەرخان کراوە. هەروەها گەورەترین بودجەی بەرگرییان لە مێژووی ئەمەریکادا، بە بڕی زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار، پەسەندکرد.
پرۆژەیاسای بەرگری جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ستراتیژی دژە تیرۆر و بەپێی دەقی پرۆژەیاساکە، پشتیوانی سەربازی بۆ پێشمەرگە، لەوانە ڕاهێنان و چەک و تەقەمەنی و یارمەتیی لۆجستی، بەردەوام دەبێت.
سیاسەتی دەرەوە
لە ڕووی سیاسەتی دەرەوەشەوە، لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنێکی ئەنجام دا بۆ هەڵسەنگاندی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی کە لە ساڵی 2020 لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین بە نێوەندگیری ئەمەریکا واژۆ کرا. یاسادانەران و شارەزایان وتیان کە ئەم ڕێککەوتننامەیە یەکێکە لە گرنگترین کارە دیپلۆماسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە کۆتایی هەفتەدا، کۆنگرێس دەنگی لەسەر بڕیارێک دا بە ئامانجی سنوردارکردنی دەسەڵاتی سەرۆک لەبارەی جەنگەوە. ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیارەکەی پەسەندکرد، بەڵام لە سینات شکستی هێنا.
هەرچەندە ئەم دەنگدانانە زیاتر ڕەمزی بوو، بەڵام تاوتوێکردنی پرسەکە لە کۆنگرێس ئاماژەیە بە بەردەوامبوونی نیگەرانیی هەندێک لە یاسادانەرن کە پێیان وایە تەنها کۆنگرێس مافی ڕاگەیاندنی جەنگی هەیە. سەرۆک ترامپ دەڵێت کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانیدا ئەنجام دەدرێن.
لە ئەمڕۆوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستیان بە پشوویەکی پێنج هەفتەیی کردووە. چاوەڕوان دەکرێت زۆربەی ئەو ماوەیە لەگەڵ دەنگدەران لە ناوچەکانی خۆیان کۆببنەوە و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن کە لە مانگی یانزەدا ئەنجامدەدرێت.
لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەدا، تەواوی کورسسیەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە 435 کورسین، دەخرێنە بەردەم دەنگدان. هەڵبژاردەنەکانی ئەنجومەنی سینات هەر شەش ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێن. لە هەڵبژەردنی مانگی یانزەدا 34 لە 100 کورسیی سینات هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

