وەرزش – INA
لویس فیگۆی یاریزانی پێشووی پورتوگالی، هەر یەکە لە لامین یامال و لیۆنێل میسی لە لیستی بەربژێرانی بردنەوەی خەڵاتی پڵاندۆر (Ballon d'Or) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ وەلا نا، و ئاماژەی بەوە دا کە ئاستیان لە یاریی کۆتایی جام جیهانیدا یەکلاکەرەوە نەبووە.
لە لێدوانێکدا کە ڕۆژنامەی "مارکا"ی ئیسپانی گواستوویەتییەوە، فیگۆ پێی وابوو کە ڕۆدریی ئەستێرەی ئیسپانی دەرفەتێکی بەهێزی هەیە بۆ ئەوەی دووبارە خەڵاتەکە بباتەوە و گوتی: "ڕۆدری ئاستێکی سەرسوڕهێنەری لە جامی جیهانیی ٢٠٢٦دا پێشکەش کرد، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر گۆڵ یان ئاسیستی تۆمار نەکرد، بەڵام ئامادەیییە بەهێزەکەی کێشەکە بە لای ئەو دا دەشکێنێتەوە".
سەبارەت بەو هەواڵانەی کە ڕۆدری دەبەستنەوە بە گواستنەوەی لە مانچستەر سیتییەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا، فیگۆ کۆمێنتی دا: "قسە لەسەر گرنگیدانی ڕیاڵ مەدرید بەو هەیە، و پێم وایە سەوداکە ئاڵۆز دەبێت بەهۆی بەستراوەیی بە گرێبەست لەگەڵ مانچستەر سیتی، بەڵام هەمووان دەزانن کە ڕیاڵ مەدرید هەمیشە هەوڵی هێنانی باشترینەکانی جیهان دەدات".
فیگۆ وتیشی، کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری فەرەنسی خستە ڕیزبەندی دیارترین ڕکابەران بۆ تۆپی زێڕینی ساڵی ٢٠٢٦ بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لە مۆندیالدا، لەگەڵ هەندێک لە یاریزانانی پاریس سان جێرمانی پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بە تایبەتی ئاماژەی بە دووانەی پورتوگالی ڤیتینیا و فەرەنسی دیزێرێ دوێ کرد لەبەرامبەر ئەو ئاستە ناوازەیەی لە تەواوی وەرزەکەدا پێشکەشیان کرد، سەرەڕای شکستی هەڵبژاردەکانیان لە مۆندیالی ٢٠٢٦دا.
سەرچاوە: ئاژانسەکان


