نێودەوڵەتی – INA
دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەرپرسانی ئێرانی، ئەمڕۆ هەینی، ڕایانگەیاند کە چەندین پارێزگای ئێران کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەمریکی، هاوكات لەگەڵ کاراکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە تاران-ی پایتەخت.
تەلەڤزیۆنی ئێرانی ئاماژەی بەوە داوە کە گوێبیستی دەنگی تەقینەوە بوون لە کەناری باشووری دوورگەی قشم لە پارێزگای هورمزگان، و لە دەوروبەری شارۆچکەی ئەندیمەشک لە پارێزگای خوزستان، جیا لە ڕوودانی تەقینەوە لە حەوت ناوچەی شاری ئەهواز.
جێگری پارێزگاری خوزستان ڕایگەیاند کە هێرشە مووشەکییە ئەمریکییەکان دەوروبەری هەردوو شاری ئومێدیە و ئەندیمەشکیان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کردووەتە ئامانج، لە کاتێکدا جێگری پارێزگاری هورمزگان برینداربوونی دوو کەسی ڕاگەیاند لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکی کە ناوچەیەکی لە شاری بەندەر عەباس کردبووە ئامانج.
لای خۆشییەوە، ئاژانسی "تەسنیم" ههواڵی گوێبیستبوونی تەقینەوەی لە کەناری باشووری دوورگەی قشم بڵاوکردەوە، هاوکات لەگەڵ فڕینی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی ناوچەکەدا، لە کاتێکدا ئاژانسی "فارس" ئاماژەی بەوە دا کە چەندین تەقینەوە شاری جاسک-یان لە پارێزگای هورمزگان هەژاندووە، جیا لە تەقینەوەیەک لە باشووری شاری خولەمئاباد (خڕەمئاباد) لە پارێزگای لوڕستان.
لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، تەلەڤزیۆنی ئێرانی گوێبیستبوونی دەنگی تەقینەوەی لە شاری کنێرک (کۆنارک) لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ڕاگەیاند، لە کاتێکدا بەرپرسێک لە پارێزگای هورمزگان جەختی کردەوە کە تیمەکانی فریاکەوتن کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی تەزووی کارەبا بۆ هەندێک لە ناوچەکانی بەندەر عەباس دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشە ئەمریکییەکان بەر زیان کەوتوون.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی "میهر" کاراکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی لە تاران-ی پایتەخت ڕاگەیاند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئامانجە دۆژمنکارییەکان، لە کاتێکدا جێگری پارێزگاری مەرکەزی ڕایگەیاند کە دوو پرۆژێکتیل (هاوەن یان مووشەک) ناوچەیەکی دەرەوەی شاری خەنداب-یان لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کردووەتە ئامانج.

