بەغدا – INA – عەبدولڕەحمان حەمید

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، دەستنیشانکردنی ژمارەیەک لە لیژنە هەمیشەیییەکانی پەسەند کرد، هاوکات جەختی لە نزیکبوونەوەی یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی کردەوە.

ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، خەلەف جەلال، بۆ ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) یەکێکیان بوو، ڕایگەیاند: "دوا کۆبوونەوەی مەکتەبی جێبەجێکار گرنگ و سەنگین بوو، کە تێیدا تاوتوێی ژمارەیەک دۆسیەی سەرەکیی پەیوەست بە کاری یەکێتییەکە کران، لە پێشەنگیان دۆسیەی گرێبەستکردن لەگەڵ ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی."

جەلال ڕوونی کردەوە کە "ئەو لیژنەیەی ڕاسپێردراوە بۆ دانوستان لەگەڵ ڕاهێنەرەکە، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی خستەڕوو، لەوانەش ئەو دانوستانانەی لەم دواییانەدا لەگەڵیدا کراون"، ئاماژەی بەوەش دا کە "پێشکەوتن لە گفتوگۆکاندا هەیە، و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە ڕابگەیەندرێت، دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و ڕێککەوتن لەسەر ئەو مەرجانەی کە پەیوەندیی نێوان هەردوولا ڕێک دەخەن."

وتیشی "لە کۆبوونەوەکەدا دەستنیشانکردنی ژمارەیەک لە لیژنەکانیش بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک 'نیبراس کامل' وەک سەرۆکی لیژنەی ئافرەتان، 'تارق ئەلحوجییە' وەک سەرۆکی لیژنەی فوتساڵ، و 'حەیدەر عەوفی' وەک سەرۆکی لیژنەی پێشبڕکێکان دەستنیشان کران، لە کاتێکدا سەرۆکایەتیی فەرمانگەی هەڵبژاردەکان سپێردرا بە کاپتن 'محەمەد ناسر'، کە ڕادەسپێردرێت بە ئامادەکردنی پەیکەرەی تەواوی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان."

ئاماژەی بەوەش کرد کە "پەیکەرە نوێیەکە لەوانەی پێشووتر جیاواز دەبێت، چونکە لایەنی هونه‌ری، دۆسیەی یاریزانانی پیشگران ، گەشەپێدان، و لیژنەکانی شیکاری لەخۆ دەگرێت، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی کاری هەڵبژاردە نیشتمانییەکان."

سەبارەت بە گرێبەستی هاوکاری لەگەڵ ڕابیتەی خولی ئیسپانی (لا لیگا)، جەلال ڕوونی کردەوە کە "لە ئێستادا لیژنەیەکی تایبەتمەند بەرپرسیارییەتیی دانوستان لەسەر گرێبەستەکە دەبات بەڕێوە، و ڕاپۆرتی خۆی بەرز دەکاتەوە بۆ مەکتەبی جێبەجێکار بۆ بڕیاردانی کۆتایی لە ڕێگەی دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی."